Back

 بەخێربێن بۆ کۆلێجی تەکنیکی کارگێڕیی (TCA)

کۆلێجی تەکنیکی کارگێڕیی (TCA)، دێرینترین کۆلێجی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانییە. رێگە و پێگەیەکی خوێندن و گەڕان لە زانستە مرۆیی و کۆمەڵایەتییەکان، بۆ خوێندکارانی خوێندنی بەرایی (بەکالۆریۆس) و خوێندنی باڵا (دبلۆمی باڵای ئەکادیمیی، ماستەر، دکتۆرا) دابیندەکات، واتە لەو بوارە بنەڕەتییانەی کە بنەمای پێکهاتنی زانیاریی و زانینی هاوچەرخن.

لە کۆلێجەکەماندا، کۆمەڵێ توێژەر و مامۆستای دڵسۆز، لە رێی وانە، توێژینەوە، کارە ئەکادیمیی و کردەنیی (پراکتیکیی)ـیەکانییانەوە، هەم ئاسۆی تێگەیشتن و هەم ئاستی کارامەیی خوێندکارانمان فراوان و بەرزدەکەنەوە و، بۆ ئایندە ئامادەیان دەکەن.

وەک راگری کۆلێجەکە، شانازییەکی بێئەندازە بە نەریتی درێژخایەنی دامەزراوەکەوە دەکەم، کە لایەنی تیۆریی و ئەکادیمیی و لایەنی کردەنیی و راهێنانی کارگێڕیی جیهانی راستینە پێشکەشدەکات. پرۆگرامەکانی خوێندن لە پسپۆڕییەکانی (ژمێریاریی، کارگێڕیی کار، میدیا، پەیوەندییە گشتیەکان و بازاڕگەریی)، بە هەرسێ زمانی (کوردیی، عەرەبیی، ئینگلیزیی)، یارمەتی خوێندکارە کۆششکارەکانمان دەدەن، تاکو ببنە ئەو سەرکردەیەی، کە بتوانن لانیکەمی خواستەکانی سەردەمێکی گۆڕانکاریی هەمەلایەنەی ژیان و کۆمەڵ بەدیبهێنن.

زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی، وەک ناوەندێکی زانستیی و مەعریفیی، دەرفەتی ناوازە بۆ خوێندکارەکانمان دەڕەخسێنێت، بۆ کارلێککردن لەگەڵ هەردوو کەرتی گشتیی و تایبەتدا. بۆ نمونە؛ بە ئەزمونی پیشەیی خۆیان، خوێندکارەکانمان کۆمەڵێ پڕۆژەی ڕاوێژکاریی گرنگیان بۆ کۆمپانیا ناوخۆیی و نیشتمانییەکان، دەستپێشخەرییە کارگێڕییەکان، رێکخراوە قازانجنەویستەکان و دەزگاکانی راگەیاندن تەواوکردوە. لێهاتویی و شارەزایی دەستەی ئەکادیمیی کۆلێجەکە، نەک هەر یارمەتیی کەرتی کار و بازرگانیی داوە، بەڵکو سەکۆیەکی نمونەیی پێشکەشی خوێندکارەکانمان کردوە، بۆ ئەوەی خوێندنەکەیان بخەنە بواری کردەنییەوە.

بەخێرهاتنی هەموو ئەوانە دەکەم، کە ئارەزوی گەشەپێدانی زانین و پێشخستنی پیشەکەیان و زانیاریی کردەنیی دەکەن، بۆ سەردانی ماڵپەڕ یان کەمپی کۆلێجەکەمان. لە ناخەوە هیواخوازم، ئێوەی بەڕێزیش هاوکار و هەماهەنگمان بن بۆ وەدیهێنانی خەون و خولیا زانستیی و مەعریفییەکانمان

 پڕۆفیسۆر دکتۆر هێرش رەسوڵ موڕاد
راگری کۆلێژی تەکنیکی کارگێڕیی (TCA)

پەیوەندی