سەنتەری پێداگۆجی

ناوەندی ڕاهێنانی پێداگۆجی و گەشەپێدانی ئەکادیمی لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی دامەزراوە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی لێهاتوویی پێداگۆجی و ئەکادیمی مامۆستایانی زانکۆ. ئامانجی سەرەکی ناوەندەکە پێشکەشکردنی خولی ڕاهێنانی پێداگۆجیە بە کوالێتییەکی بەرزە، بۆ ئەوەی توانای وانەوتنەوە، دیزاینکردنی کۆرس، دروستکردنی ژینگەی فێربوونی کاریگەر و بەکارهێنانی ئامرازە جیاوازەکانی هەڵسەنگاندن لە پرۆسەی فێرکردندا پەرەپێ بدرێت.


ناوەندی ڕاهێنانی پێداگۆجی و گەشەپێدانی ئەکادیمی ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە پاڵپشتیکردنی پرۆسەی چاکسازی لە سیستەمی خوێندنی باڵا، کە لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستانەوە دەستی پێکراوە. ئێمە هەوڵ دەدەین گۆڕانێکی کاریگەر لە گەشەپێدانی پیشەیی ئەکادیمی دروست بکەین و کادری ئەکادیمی شایستە بۆ زانکۆ و کۆمەڵگە دابین بکەین، تاکو ناوەندەکە ببێتە نموونەیەکی سەرکەوتوو لە بەرزکردنەوەی کوالێتی فێرکردن و فێربوون.


خولی ڕاهێنانی پێداگۆجی لە شەش یەکەی خوێندنی جیاواز پێک دێت، کە بریتین لە: تەکنەلۆژیای زانیاری و پەیوەندی (ICT)، شێوازە نوێکارییەکانی وانەوتنەوە و ئامرازەکانی هەڵسەنگاندن، فێرکردنی بنیاتنراو لەسەر شایستەیی، کارگێڕی لە بواری فێرکردن و هاوکاری لە ژینگەی کاری زانکۆ، و یەکەی گەشەپێدانی توێژینەوە.
هەر یەکەیەک شێوازی فێرکردنی جیاوازی هەیە، وەک: بەکارهێنانی ئامرازەکانی فێربوونی دیجیتاڵ (ئۆنلاین و ئۆفلاین)، ئامادەکردنی بەشداربووان بە بنەمای دەروونی گونجاو کە لە ژینگە فێرکارییەکاندا گرنگە، بەکارهێنانی شێوازی گونجاوی وانەوتنەوە بۆ جێبەجێکردنی تیۆرییەکان لە تاقیگە و کاری مەیدانی، و پەیوەستکردنیان بە ژیانی ڕاستەقینە هەروەها، نیشاندانی زانیاری لەسەر پرۆسەی توێژینەوەش یەکێکی ترە لە ئەنجامەکانی سەنتەری پێداگۆجی.


لە ماوەی خولەکەدا، شەش یەکەی خوێندنی جیاواز بەکاردەهێندرێن. هەر یەکەیەک بە ڕێباز، پێوەر و ئامرازی هەڵسەنگاندنی جیاواز وانەی بۆ دەوترێتەوە و هەڵسەنگێندرێت، بۆ پێوانەکردنی ئاستی بەدەستهاتنی ئەنجامەکانی فێربوون.
هەردوو جۆری هەڵسەنگاندنی بەردەوام (Formative Assessment) و هەڵسەنگاندنی کۆتایی (Summative Assessment) بەکاردەهێندرێن، بەڵام سەرنجی زیاتر لەسەر بەکارهێنانی ئامرازەکانی هەڵسەنگاندنی بەردەوامە.
ئامرازەکانی هەڵسەنگاندن بریتین لە: هەڵسەنگاندنی بەردەوام، پۆرتفۆلیۆ (Portfolio)، ڕاپۆرت، پڕۆژە، هەڵسەنگاندنی هاوتاکان (Peer Assessment)، پێشکەشکاری (Presentation)، سیمینار، هەڵسەنگاندنی خۆیی (Self-Assessment)، ئەرک (Assignments)و ئامرازەکانی تری هەڵسەنگاندن.


بەڕێوەبەر: م. داليا طارق مصطفى
ناونیشان: هەرێمی کوردستانی عێراق پارێزگای سلێمانی/ قڕگە/ شەقامی ورمێ- ماردین ٣٢٧/  زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی/بینای سەنتەری نێودەڵەتی زمانی ئینگلیزی/ سەنتەری پێداگۆجی
ئیمەیل: pedagogy@spu.edu.iq

Back to top button