کۆلێجی زانستە پراکتیکیەکانی هەڵەبجە لە ساڵی ٢٠٠٥ وە دامەزراوە بە ئامانجی پێشکەشکردنی خوێندنی تەکنیکی کواڵیتی بەرز بۆ دانیشوانی هەڵەبجە و دەوروبەری. لە کۆلێجەکەمان کۆمەڵێک پرۆگرامی تۆکمەو زانستی پێشکەش دەکرێن لە ڕێگەی هەر سێ بەشی زانستیمان کە خۆیان لە بەشەکانی تاقیگەی پزیشکی، زانستی خۆراک و کۆنترۆڵی جۆری و بەشی پڕۆژە کشتوکاڵیەکان دەبینێتەوە. لەم پێودانگەوە ئێمە شانازی دەکەین کە توانیومانە ژینگەیەکی فێرکاری گشتگیر و هەمەچەشن بۆ خوێندکارانمان فەراهەم بکەین . کۆلێجەکە لە ڕێگەی چالاکییە کۆمەڵایەتی و زانستیە جۆراوجۆرەکانەوە کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر پێشخستنی ناوچەکە هەبوە، سەربەرزین کە چالاکانە ئەوەندەی پێمانکرابێت بەشداریمان لە هەموو سێکتەرە کارگێڕیەکانی شاری هەڵەبجەدا کردوە وەک تەندروستی، ژینگە، بەڕێوەبردن و تەکنەلۆجیا. ئێمە پێمان وایە کە خوێندکارەکانمان بەشێکی دانەبڕاون لە کۆمەڵگەکەمان و دەتوانن لە ڕێگەی لێهاتوویی و زانیارییەکانیانەوە بەشداری لە گەشەپێدانی ناوچەکەدا بکەن. مامۆستایان و فەرمانبەرانی کۆلێجەکەمان شارەزا و ئەزموونی بەرزیان هەیە لە پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری پرۆسەی خوێندن بۆ خوێندکارەکانمان و دابینکردنی تاقیگەی سەردەمیانە و هۆڵی خوێندنی پێویست بۆ ئەوەی دڵنیابین کە خوێندکارەکانمان لە بواری پسپۆڕی خۆیاندا سوودی لێوەردەگرن. لە کۆتاییدا ، هەوڵدەدەین ستانداردە ئەکادیمییەکان کە کۆلێجێکی ئاست بەرز بەرهەم دەهێنن بپارێزین بۆ ئەوەی دەرچووانمان توانایەکی باشیان هەبێت و زانیاری پێویستیان هەبێت بۆ دەستکەوتنی هەلی کارو برەودان بە پیشەکەیان لە داهاتوودا، دڵنیاین کە ئەم کۆلێجە خوێندنێکی هاوچەرخ وزانستی بۆ خوێندکرانمان دابیندەکات و یارمەتیان دەدات بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان . سوپاس بۆ ئەو خوێندکارانەی کە هەڵبژاردنی کۆلێجی تەکنیکی زانستی پراکتیکیەکان وەک سەرەتای دەستپێکی خوێندنی باڵایانە. ئێمە بەوپەڕی خۆشحاڵیەوە کاردەکەین بۆ ئەوەی لە جێی متمانەو چاوەڕوانی خوێندکاران و مامۆستایان و فەرمانبەراندا بین .
د. بختیار عبید شریف
سەرپەرشتیاری کاروباری کۆلێج