پەیمانگەی تەکنەلۆجی سلێمانی دامەزراوەیەکی فێرکاریی تایبەتە کە ئامانجی ئامادەکردنی ستافی تەکنیکیی ئاست بەرزە لە بوارەکانی تەکنەلۆژی، ئەندازیاری و بوارە تەکنیکییە جێبەجێکارییەکان. بە تێکەڵکردنی زانیاریی زانستیی هاوچەرخ لەگەڵ ڕاهێنانی پراکتیکی و تاقیگەیی، پەیمانگەکە خوێندکاران بەو شارەزاییانە دابین دەکات کە پێویستن بۆ پشتگیری لە نوێکردنەوە و گەشەی تەکنەلۆجی وڵات.
پڕۆگرامەکانی ئەم پەیمانگایە بە شێوەیەک داڕێژراون کە هاوتا بن بە گەشەی خێرای تەکنەلۆجی، و گرنگی دەدەن بە داهێنان و چارەسەرکردنی کێشەکان بە بەکارهێنانی تەکنەلۆجیای.
پەیمانگەی تەکنەلۆجی سلێمانی پابەندە بە بەهێزکردنی هێزی کار. وە بە بەردەوامی پڕۆگرامی خوێندن و شێوازەکانی وانەوتنەوە نوێ دەکاتەوە، هاوکاری لەگەڵ دامەزراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان پەرەپێدەدات، و دەرچووانێک ئامادە دەکات کە توانای وەڵامدانەوەی پێویستییەکانی بازاڕی کاریان هەبێت، بەشداربن لە گەشەی بەردەوام و پشتگیری بکەن لە گواستنەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی سەربە بنەمای زانیاری.
پەیامی ڕاگر
خوێندكارانی خۆشەويست و سەردانكەرانى ئازیز…
بەخێربێن بۆ پێگەى فەرمى پەيمانگەى تەكنەلۆجى سلێمانى (STI) کە ڕووکارێکە بۆ بینینی سەرجەم لایەنە زانستی و تەکنەلۆجییەکانی پەیمانگەمان کە یەکێکە لە پەیمانگەکانی سەر بە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی (SPU)و لە هەناوی پەیمانگەی تەکنیکی سلێمانی (کە ناسراوە بە پەیمانگەی دایک) دامەزراوە لە ساڵی 2026دا بۆ پەیمانگەیەکی پسپۆڕی تەکنەلۆجی لە ناو کەمپی پەیمانگە تەکنیکییەکانی سلێمانی لە گەڕەکی (بەختیاری). ئەم پەیمانگەیەمان لە (4) چوار بەشی زانستی پسپۆڕ پێکدێن ، کە بریتین لە : (تەکنیکی تەلارسازی ، تەکنیکی کارەبا ، ڕووپێوی ، میکانیک/کاد-کام).
ناوبانگی باشی ئەکادیمی و ئەخلاقی خوێندکارەکانمان ، جددی بەردەوامییان ، بەدواداچوونی بێ وچانیان بۆ زانست و زانین، پەرۆشییان بۆ دروستکردنی پەیوەندی ئەرێنی لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی یەکتر لە نێوان خۆیان و لەگەڵ ئەکادیمیست و کارگێڕی زانکۆمان ، وامان لێدەکات هەمیشە شانازییان پێوە بکەین. ئێمە متمانەمان بە هۆشیاری و تێگەیشتنیان لە بەرپرسیارێتی ئەکادیمی و کۆمەڵایەتیان هەیە.
لەسەر ئەم بنەمایە پەیمانگە ئارەزووی دابینکردنی ژینگەیەکی پەروەردەیی هاندەر دەکات بۆ فێرخوازانی ، گرنگییەکی تایبەت دەدات بە باشترکردنی خزمەتگوزارییە ئەکادیمییەکان و ئاسانکاری بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان ، لەوانە:
١. پەرەپێدانی ژێرخانی پەیمانگەکە و دابینکردنی شوێنی دانیشتنی ئارام بۆ خوێندکاران.
٢. باشترکردنی سیستەمی تەندروستی لە پۆلەکاندا.
٣. نوێکردنەوەی ئامێری بینراو و دەنگی بۆ دڵنیابوون لە ئەزموونێکی فێرکاری پێشکەوتوو.
٤. پەرەپێدانی ماڵپەڕی پەیمانگەمان بۆ ئەوەی کاریگەری بێت بۆ گەیشتن بە زانیارییە زانستیەکان.
٥. بەرزکردنەوەی تواناکانی ئەندامانی پەیمانگە لەڕێگەی خولی ڕاهێنانی بەردەوام.
هەموو ئەم هەوڵانە لە بەرژەوەندی خوێندکارە ئازیزەکانمانە، بەو پێیەی بتوانن ئاستی خوێندنیان باشتر بکەن و چانسی نایاب و سەرکەوتنیان لەداهاتوودا بەرزبکەنەوە.
هیوای پێشکەوتن و سەرکەوتنی زیاترتان بۆ دەخوازین لە کاری پەروەردەیی و پیشەییتان.
