Back

(١٦) بەشی تەکنیکی میدیا:

بەشی تەکنیکی میدیا، لە ساڵی (١٩٩٩) لەژێر ناوی بەشی (رۆژنامەنووسی) دامەزراوە، وەکو یەکەم بەشی زانستیی تایبەت بە کاری رۆژنامەنووسیی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستاندا. دواتر ناوی ئەم بەشە گۆڕدرا بۆ بەشی راگەیاندن و ئێستاش بەناوی بەشی (تەکنیکی میدیا) بەردەوامە لە وەرگرتنی خوێندکاران. هاوکات بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠٠٨ – ٢٠٠٩)، دەوامی ئێواران لەم بەشەدا کراوەتەوە و تائێستاش بەردەوامە.

بەشی تەکنیکی میدیا، گرنگییەکی زۆری هەیە لە پێگەیاندنی میدیاکاران بەشێوەیەکی زانستی و بەپشتبەستن بە گۆڕانکارییە هاوچەرخەکانی بواری کۆمۆنیکەیشتن و سێکتەری میدیا و سۆشیال میدیادا، ئەمە جگە لەوەی لەم بەشەدا فێرخواز رادەهێنرێت کە هەمیشە بە بیرکردنەوەی رەخنەگرانە (critical thinking) بڕوانێتە پرس و بابەتە میدیایی و کۆمەڵایەتییەکان.

ئامانجی سەرەکی ئەم بەشە، بریتییە لە راهێنان و پێگەیاندنی میدیاکارێکی پیشەیی کە زانیاری و زانینەکانی لەگەڵ خواستی رۆژگاری ئەمڕۆی بازاڕی کاری میدیادا بگونجێت و بە پڕاکتیکی لێهاتووییەکان پڕاکتیزە بکات، ئەمە جگە لە پێگەیاندنی نەوەیەکی میدیاکار، کە پیشەییانە و بە لەبەرچاوگرتنی بنەماکانی ئیتیک و یاسا رۆژنامەوانییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان، کار بکات.

شێوازی وەرگرتن لەم بەشەدا، بەشێوەی وەرگرتنی ناوەندییە و ساڵانەش (٦) کورسی خوێندن بۆ ئەو رۆژنامەنووسانە (بە خۆڕایی) دابین دەکرێت، کە ئەندامی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستانن. دەرچووی ئەم بەشە لەدوای بەدەستهێنانی بڕوانامەی دبلۆم، لەژێر ناونیشانی میدیاکاری پیشەیی دەتوانێت لە دەزگاکانی راگەیاندندا کار بکات.