(١) بەشی تەندروستی گشتی:
بەشی تەندروستی گشتی یەکێکە لە گرنگترین بەشەکانی بواری تەندروستی کە لە جیهانی ئەمڕۆدا گرنگی تایبەتی پێدراوە بە تایبەتی لە ووڵاتە پێشکەوتووەکاندا، چونکە ئامانجی سەرەکی تەندروستی کۆمەڵگا و باشترکردن و پاراستنێتی بەشێوەیەکی گشتی.
بەشی تەندروستی گشتی یەکێکە لە بەشە پزیشکییەکانی پەیمانگای تەکنیکی سلێمانی کە پڕۆگرامێکی خوێندنی تەکنیکی دوو ساڵەی هەیە جگە لە مەشقی هاوینەیی و پرۆگرامەکانی خوێندن لەم بەشەدا بە زمانی ئینگلیزییە و پەیڕەوی سیستمی بۆلۆنیا دەکرێت، دەرچووانی ئەم بەشە بڕوانامەی دبلۆمی تەکنیکییان پێدەبەخشرێت لە بواری تەندروستی گشتی.
کورتەیەکی مێژوویی دەربارەی بەشی تەندروستی گشتی:
بەشی تەندروستی گشتی لە ساڵی (١٩٧٣ – ١٩٧٤) دامەزراوە بە ناوی (چارەسەری پزیشکی) و لە نەخۆشخانەکاندا وەک (یاریدەدەری پزیشک) دادەمەزران، ساڵی (١٩٧٨ – ١٩٧٩ ) ناوی بەشەکە گۆڕدرا بۆ (پاراستنی پزیشکی) و لە نەخۆشخانەکاندا بە ناونیشانی ( یاریدەدەری پاراستن) دادەمەزران. ساڵی (١٩٨٨ – ١٩٨٩) دووبارە ناوی بەشەکە گۆڕدرا بۆ (تەکنیککاری تەندروستی) و لە نەخۆشخانەکاندا بە (یاریدەدەری تەندروستی) دادەمەزران.
لە ساڵی (١٩٩٠ – ١٩٩١ ) جارێکی تر ناوی بەشەکە گۆڕدرا و کرا بە (تەندروستی کۆمەڵ) لە نەخۆشخانەکاندا وەک (یاریدەدەری پزیشک) دادەمەزران تا ساڵی (٢٠٢٢ – ٢٠٢٣ ) کە ناوی بەشەکە کرا بە (تەندروستی گشتی) و لە ئێستادا بەردەوامە لە پێگەیاندنی کادری دڵسۆز لە بوارەکەدا لەلایەن چەندین مامۆستای بە ئەزموونەوە. یەکەم خولی دەرچووانی ئەم بەشە لە ساڵی (١٩٧٤ – ١٩٧٦ ) بریتیبوو لە (٢٢ خوێندکار) و ساڵی خوێندنی (٢٠٢٣ – ٢٠٢٤) ژمارەی خوێندکارانی دەرچوو بریتیبوو لە (٧٢ خوێندکار) ی بەیانیان و (٤٠ خوێندکار) ی ئێواران.
ئامانجی بەش:
ئامانجی ئەم بەشە بریتییە لە ئامادەکردنی کادری ناوەندی (یاریدەدەری پزیشکی) لە بواری تەندروستی گشتیدا.
گرنگی بەش لە کۆمەڵگا و بازاری کاردا:
ئەم بەشە ڕۆڵی کاریگەری هەیە لە بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری تەندروستی و پاراستن و بەرەوپێشبردنی ئاستی تەندروستی کۆمەڵ هەروەها گرنگی تایبەتی خۆی هەیە لە زۆر بواری بازاڕی کاردا و دەرچووانی ئەم بەشە دەتوانن کاربکەن لە نەخۆشخانە و مەڵبەندە تەندروستییەکاندا لە ڕێی پێشکەشکردنی خزمەتگوزراری تەندروستیدا بۆ نموونە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا لە ڕووی تەندروستییەوە، پێدانی پێکوتە، چاودێری دایکی دووگیان، چاودێری گەشەی منداڵ، چاودێریکردنی شوێنە گشتییەکان لە ڕووی تەندروستییەوە وەک کارگەکان و چێشتخانە و هۆتێل و گەرماو و مەلەوانگە و سەرتاشخانە و ئارایشتگاکان و … هتد هەر شوێنیکی دیکە کە نابەرپرسانە مامەڵەکردن تیایدا ببێتە هۆی مەترسی لەسەر تەندروستی.