دوو زانكۆ گەورەكەی سلێمانی رێكەوتننامەیەك واژۆ دەكەن
زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و زانكۆی سلێمانی یاداشتێكی لێكتێگەیشتنی هاوبەش لە نێوانیاندا واژۆدەكەن بەمەبەستی گەشەپێدانی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و هەروەها ئەنجامدانی كۆنفرانس و كۆنگرە و وۆركشۆپی زانستی هاوبەش و چەندین چالاكی دیكە.
ئێوارەی ئەمڕۆ 3-6-2018 لە هۆتێل تایتانیك لە شاری سلێمانی یاداشتێكی لێكتێگەیشتنی هاوبەش لە نێوان هەردوو زانكۆ گەورەكەی شاری سلێمانی، زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و زانكۆی سلێمانی لەلایەن هەریەك لە بەڕێزان پ.ی.د. ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و پ.ی.د.رەزا حسن حسین سەرۆكی زانكۆی سلێمانی واژۆكرا، كە هەریەك لە ئەندامانی ئەنجومەنی زانكۆی هەردوولا و بەشێك لە راگری كۆلێج و پەیمانگاكان و چەند كەناڵێكی راگەیاندن ئامادەبوون
سەبارەت بەكاری هاوبەشی نێوان هەردوو زانكۆ لە ئایندەدا پ.ی.د. ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی رایگەیاند: رۆژی 14-11ی ئەمساڵ لە یادی سلێمانی دا لەگەڵ زانكۆی سلێمانی بەهاوبەشی یەكەمین كۆنفرانسی نێودەوڵەتی لە بواری تەلارسازی خۆماڵیدا ئەنجام دەدەین، هەروەها سەنتەرێكی توێژینەوەی هاوبەش پێكدەهێنین كە سەنتەرێكی زۆر گرنگ و گەورە دەبێت لە بواری توێژینەوەدا لە نێوان هەردوولادا.
رێكەوتننامەكەی نێوان هەردوو زانكۆ خۆی لە پێنج ماددەی سەرەكیدا دەبینێتەوە كە پێكاتووە لە ئەنجامدانی كۆنفرانس و كۆڕ و وۆركشۆپی زانستی هاوبەش، سوود وەرگرتن لە مامۆستایان لە نێوان هەردوو زانكۆدا، دامەزراندنی سەنتەری توێژینەوەی هاوبەش، كردنەوەی خولی راهێنانی تایبەت بە بوارەكانی كارگێڕی و زانستی بەپێی پێویستی هەردوو زانكۆ و هەروەها سوود گەیاندن بە خوێندكاران هەردوو زانكۆ بە بەكارهێنانی كتێبخانەی یەكتری و هەماهەنگی كردن لە چالاكییە وەرزشی و هونەری و رۆشنبیری و كلتورییەكانی هەردوو زانكۆدا.
لە كۆتاییدا لەلایەن پ.ی.د. ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی كۆمەڵێك دیاری پێشكەش بە سەرۆكی زانكۆی سلێمانی و ئەندامانی ئەنجومەن و مامۆستایانی زانكۆی سلێمانی كرا.