پێنجەمین سیمپۆزیۆمی پەیمانگای تەكنیكی سلێمانی سازكرا
پەیمانگای تەكنیكی سلێمانی لە درێژەی كاروچالاكییەكانیدا پێنجەمین سیمپۆزیۆمی خۆی لەژێر ناونیشانی ( تیشكی سینی چۆنێتی گۆڕانی تێڕوانینمان بۆ ژیان ) ئەنجامدا، لەلایەن لیژنەی بەڕێوەبردنی سیمپۆزیۆمەكەشەوە چەند پێشنیارێك خرایەڕوو.
ئەم سیمپۆزیۆمە رۆژی یەكشەممە بەرواری 2018/5/20 كاتژمێر (9)ی سەرلەبەیانی لەلایەن بەشی تیشكی پەیمانگای تەكنیكی سلێمانی ئەنجامدرا كە بەشێوەی دوو پانێڵ بەڕێوەچوو، هەر پانێڵێكیش لە دوو بابەت پێكهاتبوو، پانێڵی یەكەم / بابەتی یەكەم: تیشك لە سەرەتای دۆزینەوەی تا ئەمڕۆ لەلایەن ( د.ئاڵا عبدولقادر شاڵی ) پێشكەشكرا، پاشان لە بابەتی دووەمدا ڕۆڵی ئامێری تیشك و سۆنەر لە دۆزینەوەی نەخۆشیدا لەلایەن ( د.بەختیار كەمال محەمەد ) پێشكەشكرا، پانێڵی دووەم / بابەتی یەكەم: كاریگەرییە بایۆلۆجییەكانی تیشك لەسەر خانەكانی مرۆڤ لەلایەن مامۆستا ( شەونم احمد عزیز ) پێشكەشكرا، پاشان لە بابەتی دووەمدا جێبەجێكارییەكان و خۆپارێزییەكانی تیشكی سینی لەلایەن مامۆستا ( كەلیان حمەساڵح ) پێشكەشكرا.
لە كۆتاییدا گفتوگۆ لەسەر پێشكەشكردنی سیمپۆزمەكە كرا و لەلایەن لیژنەی بەڕێوەبردنی سیمپۆزیۆمەكەشەوە ئەم پێشنیارانە خرانەڕوو:
1- دەرخستنی ئەو شۆرشە زانستییەی كەدۆزینەوەی تیشكی سینی بەرپاكردووە لە بواری رادیۆلۆجیدا بۆ ناسینەوە و دەستنیشانكردنی زۆر نەخۆشی، هەروەها چارەسەركردنی نەخۆشی شێرپەنجە كە ئەمەش خزمەتێكە بە مرۆڤایەتی.
2- لەبەرئەوەی تیشكی سینی كاریگەریی هەیە بۆ سەر تیشكی ناوكی و زیانی دەبێت بۆ مرۆڤ، پێویستە تەنیا لەكاتی پێویست و ناچاریدا بەكاربهێنرێت.
3- جەختكردنەوە لەسەر بەكارهێنانی كەلوپەلی پێویست لەلایەن كارمەندانی تیشكەوە لەپێناو خۆپاراستن لە زیانەكانی تیشكی سینی بەتایبەتی بەكارهێنانی باجی تایبەت بە پێوانی ڕێژەی تیشكدان.
4- پێشنیار دەكەین بە دابینكردنی ئامێری میمۆگرافی بۆ شار و شارۆچكەكان، چونكە ڕێژەی شێرپەنجەی مەمك لەزیادبوندایە هەر بەهۆی ئەم ئامێرەشەوە بودجەیەكی زۆر بۆ حكومەت دەگەڕێتەوە لە چارەسەركردندا.