Back

بەردی بناغەی پڕۆژەی نیشتەجێبوونی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی دانرا

بەردی بناغەی پرۆژەی نیشتەجێبوونی كۆمەڵگای زانكۆ بۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی لەسەر رووبەری 28 دۆنم دانرا كە لە 11 باڵەخانەی 10 نهۆمی پێكهاتووە و نزیكەی 660 یەكەی نیشتەجێبوون لەخۆدەگرێت. ئەمڕۆ پێجشەممە 2018/5/3 بەچاودێری قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم و بە ئامادەبوونی د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و پ.ی.د.ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و یاریدەدەرانی سەرۆكی زانكۆ و سەرجەم راگرانی كۆلێج و پەیمانگاكانی سەر بە زانكۆ و ژمارەیەك بەرچاو لە مامۆستایان و فەرمانبەران و لایەنە پەیوەندیدارەكان مەراسیمی بەردی بناغەی پرۆژەی نیشتەجێبوونی كۆمەڵگای زانكۆ دانرا. سەرەتای مەراسیمەكە بە وەستانی خولەكێك بۆ گیانی پاكی شەهیدان دەستیپێكرد و پاشان پ.ی.د.ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی لە وتەیەكدا بەخێرهاتنی میوانەكانی كرد و رایگەیاند ” ئەم پرۆژەی نیشتەجێبوونە یەكێكە لە پرۆژە گرنگەكانی حكومەتی هەرێم بۆ خزمەتی هاوڵاتی سلێمانی بەگشتی و زانكۆمان بە تایبەتی، وتیشی ” سوپاسی سەرجەم دام و دەزگا حكومییەكان دەكەین كە پەیوەندییان هەبووە بە دانانی بەردی بناغەی ئەم پرۆژەیە و دەستخۆشی لە كۆمپانیای ( باڵامبۆ ) دەكەین كە ئەركی جێبەجێكردنی ئەم پرۆژەیەی لەئەستۆ گرتووە. لە بەشێكی تری وتەكەیدا پ.ی.د.ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانكۆ كرد و هیوای خواست سوودمەندبن لەم پرۆژەیە و ببێتە هاندەرێكی زیاتر بۆ خزمەتكردنی كوردستان و زانكۆكەیان. پاشان د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی وتەیەكی پێشكەشكرد و ئاماژەی بەوە كرد كە ئەم پرۆژەیە گرنگی خۆی هەیە و دەبێتە خزمەتێكی تر بۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و هیوادارین سەرجەمیان سوودمەند بن. دواتر گرنگی پرۆژەكە و وردەكارییەكانی پرۆژەكە لەلایەن نوێنەری كۆمپانیای باڵامبۆوە خرایەڕوو كە ئەم پرۆژەیە دەكەوێتە نزیك شەقامی سەرەكی بازنەی مەلیك مەحمود – تەنیشت كەمپی كۆلێجە تەكنیكیەكان كە سەرجەم خزمەتگوزارییەكانی بۆ دابینكراوە، كە زۆربەی پێداویستییە سەرەكییەكانی ژیان لەخۆدەگرێت كە لەسەر ڕوبەری 28 دۆنم زەوی بەپێی ستانداردی جیهانی و بەگوێرەی دیزاین ئامادەركراوە. بڕی تێچوونی یەكەكان: ئەم پرۆژەیە بە قوناغ جێبەجێ دەكرێت، نرخی تێچوونی هەریەكەیەك (60.000 ) شەست هەزار دۆلارە و بەشێوەیەك دەبێت تا تەواو بوونی هەلیكەلی زۆربەی باڵەخانەكان و بینینی نموونەی یەكەكان هیچ پێشەكییەك وەرناگیرێت،پاشان پارە وەردەگیرێت بە ( ساڵی تەقویمی ) بۆ هەریەكەیەك بەڕێژەی ( 50% ) كە دەكاتە بڕی ( 30000 ) سی هەزار دۆلار دەدرێت تا وەرگرتنی كلیل لە ماوەی ( 3 ) ساڵدا بە چەند قۆناغێك ، هەروەها رێژەی ( 50% ) كە دەكاتە ( 30000 ) سی هەزار دۆلار بە قیستی درێژخایەن لە ماوەی ( 6 ) ساڵدا دەدرێت كە دەكاتە ( 400 ) چوارسەد دۆلاری مانگانە تا تەواوبوونی قیستە درێژخایەنەكە. لە چەند رۆژی داهاتوودا بۆ پڕكردنەوەی فۆڕم و وەرگرتنی یەكەكانی نیشتەجێبوونی ئەم پڕۆژەیە بەشێوەیەكی ئۆنلان دەتوانن سەردانی ماڵپەڕی زانكۆ بكەن.
This shortcode LP Profile only use on the page Profile