Back

وۆركشۆپێک له‌سه‌ر نوسینی پرۆپۆزەڵ به‌ڕێوه‌چوو

ڕۆژی سێ شەممە بەرواری ۳ی ٤ی ۲٠۱۸، هۆبەی پلاندانانی سەنتەری توێژینەوە لە ژێر ناونیشانی “نوسینی پرۆپۆزەڵ” وۆركشۆپێکی بۆ سەرۆك و ئەندامانی گروپەکانی سەنتەری توێژینەوە ڕێکخست. ۆورکشۆپەکە لە کاتژمێر ۱٠ی سەرلەبەیانی لە هۆڵی بۆنەکان، لە نهۆمی دووەمی سەنتەری نێودەوڵەتی زمانی ئینگلیزی دەستی پێکرد و زیاتر لە ۳کاتژمێری خایاند. وۆركشۆپەکە لە لایەن سەرپەرشتیاری سەنتەری توێژینەوە، دکتۆرە ڕۆژین کمال پێشکەش کرا. لە بەشی یەکەمی ۆرک شۆپەکەدا ئامادەبووان بە شێوەیەکی تیۆری ئاشنا کران بە گرنگی و جۆرە جیاوازەکانی پڕۆپۆزەڵ و چۆنیەتی نوسینی پڕۆپۆزەڵ بۆ پڕۆژەی توێژینەوە. پاشان دکتۆرە ڕۆژین بە شێوەیەکی پراکتیکی و بە گروپ ئامادەبووانی بە پرۆسێسەی پلان دانان بۆ پڕۆژەیەکی توێژینەوە برد. شایانی باسە د.ڕۆژین هەڵگری بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرایە لەزانکۆی کالگەری ووڵاتی کەنەدا و خاوەنی توێژینەوە و چالاکی ئەکادیمیە لە زیاد لە ١٢ ووڵات. ناوبراو پڕۆژەی هاوبەش و پەیوەندی زانستی لەگەڵ چەندین پڕۆفیسۆر و توێژەری نێودەوڵەتی لە ئەمریکا، ئەڵمانیا، هۆڵەندا، بةريتانيا، نیوزلەندا، ئوستراڵیا، کەنەدا و ووڵاتانی دراوسێدا هەیە و خاوەنی چەندین خەڵاتی ئەکادیمی نێودەوڵەتییە. بڵاوکراوە و توێژینەوەکانی د. ڕۆژین لە کتێب و توێژینەوەی ناو کۆنفرانس و گۆڤارە نێودەوڵەتییە ئاست بەرزەکاندا سایت دەکرێت. وە سەرپەرشتیاری سەنتەر ڕیڤیوەری توێژینەوەیە بۆ چەند گۆڤار و کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی ئاست بەرز و بەشدار بووە لە هەڵسەنگاندنی ئەپلیکەیشنی پڕۆژەی نێودەوڵەتیدا. لەم دواییەدا د. ڕۆژین بووەتە ڕیڤیوەری نێودەوڵەتی ئەپلیکەیشنی پڕۆژەکانی توێژینەوە و داهێنانی بەڕیتانی سەر بە ئەنجومەنی توێژینەوەی بەڕیتانیا. هەرچەندە ئەم وۆرکشۆپە لە بنەڕەتدا بۆ سەرۆك و ئەندامانی گروپەکانی سەنتەری توێژینەوە ڕێکخرابوو بەڵام ژمارەیەك توێژەر و ئەکادیمیستی ناوەوە و دەرەوەی زانکۆش داوای بەشدار بوونیان کرد. بە پێی پلانی سەنتەری توێژینەوە و لەبەر گرنگی بابەتەکە، ئەم وۆركشۆپە لە ئایندەیەکی نزیکدا دووبارە ڕێکدەخرێتەوە و بەشدار بوون تێیدا کراوە دەبێت بۆ هەمووان.
This shortcode LP Profile only use on the page Profile