پەیمانگای تەكنیكی دوكان بە چەندین چالاكی رۆژی زانكۆی بەرزڕاگرت
بەبۆنەی رۆژی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی، ئەمڕۆ چوارشەممە (٢٠١٨/٤/٤) بەچاودێری پ.ی.د.ئالان فەرەیدەن سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی، پەیمانگای تەكنیكی دوكان ڤێستیڤاڵێكی كلتووری و هونەری و ئەدەبی بەهاوبەشی خەڵكی ناوچەكە ئەنجامدا.
سەرەتای ڤیستیڤاڵەكەش بە دەقیقەیەك وەستان بۆ گیانی پاكی شەهیدان و گوێگرتن لە مارشی زانكۆ دەستیپێكرد و پاشان وتاری بەخێرهاتن و رۆژی زانكۆ لەلایەن پ.ی.د.كاوە ڕەزا راگری پەیمانگای تەكنیكی دوكان پێشكەشكرا و پیرۆزبایی ڕۆژی زانكۆی لە سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەران و خوێندكارانی پەیمانگاكە كرد.
لە ڤیستیڤاڵەكەدا چەندین چالاكی لەلایەن مامۆستایان و فەرمانبەران و خوێندكارانی پەیمانگاوە پێشكەشكران كە قایمقامی قەزای دوكان و بەرپرسانی یەكە ئیدارییەكانی قەزاكە ئامادەی ڤیستیڤاڵەكە بوون، چالاكییەكانیش پێكهاتبوون لە ( پێشانگای فۆتۆگرافی، كاری دەستڕەنگینی، وێنەی تەلارسازی، گۆرانی ووتن، شیعر خوێندنەوە و دروستكردنی خواردنی كوردەواری).
دواتر خەڵاتی لەلایەن پ.ی.د.كاوە ڕەزا راگری پەیمانگای تەكنیكی دوكان ڕێزلێنان بەخشرایە مامۆستایان و فەرمانبەران و خوێندكارانی پەیمانگا لەپای ئەو ئەرك و ماندووبوونەیان كە لە جێبەجێكردنی كار و چالاكییەكان و پێشخستنی پرۆسەی خوێندن پێشكەشیان كردووە، لە كۆتاییشدا بە ئاهەنگێك بە دەنگی هونەرمەند (بەرهەم شەمامی) كۆتایی بە ڤیستیڤاڵەكە هێنرا.