Back

پەیامێکی گرنگ لە سەرۆکی چەند زانکۆیەکی کوردستانەوە

ئەمڕۆ لە کامپی کۆنی زانکۆی سلێمانی سەرۆکی زانکۆکانی (پۆلیتەکنیکی سلێمانی، سلێمانی، کۆیە، ھەڵەبجە، راپەرین، چەرمۆ) و دەستەی کوردستانی بۆ دیراساتی ستراتیجی و توێژینەوەی زانستی، کۆبوونەوەو پەیامێ گرنگیان ئاراستەی مامستایان و فەرمانبەران و خوێندکاران و کەسوکاریان کردو تێیدا داوا دەکەن، ھیچ شتێک نەبێتە رێگر لەبەردەم وەستاندنی پرۆسەی خوێندن و ھاوکات بەزوترین کاتیش شایستە داراییەکانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆکان خەرجبکرێت. دەقی پەیامی سەرۆکی زانکۆکان:   مامۆستایان و فەرمانبەرانی خۆشەویست لە زانکۆکانی کوردستان خوێندکارانی ئازیز کەس و کاری بەڕێزی خوێندکاران وەک ئاگادارن لەسەرەتای خوێندنی ئەمساڵەوە سەرباری بارودۆخی تایبەتی ھەرێمی کوردستان و قەیرانی نەخوازراوی دارایی، بەھەوڵ و ماندووبوون و خۆڕاگری مامۆستایان و فەرمانبەران توانرا بەشێوەیەکی سەرکەوتوو بەردەوامی بە پرۆسەی خوێندن بدرێت و لەھیچ زانکۆیەکی کوردستاندا بایکۆتی ھۆڵەکانی خوێندن نەکرێت، ھەربۆیە جێگەی خۆیەتی کە سوپاسی تایبەتی یەکە بە یەکەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆکان بکەین، بۆ لەخۆبردویی و دڵسۆزیان لەپێناو سەرکەوتنی پرۆسەی خوێندن لەھەرێمی کوردستان. ئەنجوومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی و ئەنجومەنی زانکۆکانی کوردستان پشتیوانی بەردەوام لەباشکردنی ژیان و گوزەرانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆکان دەکەن، ھەربۆیە لەدوا کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزاتدا لەڕێکەوتی (٢٧/٣/٢٠١٨) لەبەر ڕۆشنایی پێشنیازو سەرنج و تێبینی زانکۆکان توانرا پرۆژەیەکی گشتگیر بۆ چارەسەرکردنی پرسی موچەی مامۆستایان و فەرمانبەران ئامادەبکرێت و دواتر لەڕێگای بەڕێز وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لەکۆبوونەوەی (٢٨/٣/٢٠١٨) پێشکەش بەسەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران بکرێت، بەخۆشحاڵییەوە بەشێکی زۆری ئەم پرۆژەیە لەچوارچێوەی پرۆژەی چاکسازی حکومەتی ھەرێمی کوردستاندا جێی کرایەوە. پێشتریش لەکۆبوونەوەی (٢٢/٢/٢٠١٦)دا ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی پرۆژەیەکی دیکەی پێشکەش بەسەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران کردووە بەمەبەستی چارەسەرکردنی پرسی شایستە داراییەکانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆکانی کوردستان. دوایین بڕیاری حکومەتی ھەرێمی کوردستان سەبارەت بەم پرسە بڕیارێکی گرنگەو بەشێکی بەرچاوی بارگرانییەکانی سەرشانی مامۆستایان و فەرمانبەران چارەسەر دەکات. ھەموولایەک دڵنیادەکەینەوە کە ئێمە بەردەوام دەبین لەھەوڵەکانمان بۆ باشترکردنی ژیان و گوزەرانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆکانمان و ھاوکات خەرجکردنی شایستە داراییەکانی دیکەی مامۆستایان و فەرمانبەران لەسەر سندوقی داھاتی زانکۆکان بەردەوام دەبێت. ھەربۆیە داواکارین ھەموومان پێکەوە کاربکەین بۆ ئەوەی پرۆسەی خوێندن لەسەرجەم زانکۆکانی کوردستان بەردەوام بێت و دەرگای ھۆڵەکانی خوێندن بەڕووی گەنجان و ڕۆڵەکانی وڵاتەکەمان ئاوەڵا بێت، ڕێگە نەدەین ھیچ گرفتێک ببێتە لەمپەڕ لەبەردەم بەردوامبوونی پرۆسەی خوێندن لەو ماوە کەمەی کە لەپێشمانە بۆ تەواوکردنی خوێندنی ئەمساڵ. ھەروەھا زۆر گرنگە کە نەھێڵین پرۆسەی خوێندن لەزانکۆکانمان ببێتە قوربانی ئەجیندای سیاسی و دەبێت کاربکەین کە سیاسەت و بانگەشەی ھەڵژاردن لەپرۆسەی خوێندن دووربخەینەوە. کەسوکاری خۆشەویستی خوێندکاران: ئێوەش لەشوێنی خۆتانەوە ڕۆڵ و کاریگەریتان ھەیە کە ھاوکارمان بن و پشتیوانی لەبەردەوامی پرۆسەی خوێندن بکەن بۆ ئەوەی ڕۆڵەکانتان لەمەترسی لەدەستدانی ساڵێکی خوێندن بپارێزن. بەھێوای بەردەوام بوون و سەرکەوتنی پرۆسەی خوێندن لەھەرێمی کوردستان  
This shortcode LP Profile only use on the page Profile