ووردبینی لە لیستی موچەخۆرانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی دەستی بەکارەکانى کرد
ووردبینی لە لیستی مووچەی موچەخۆرانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی دەستی بەکارەکانى کردو دوێنێ لەلایەن سەرۆک و ی.سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانییەوە پێشوازی کران.
دوێنێ پێنج شەممە 1/3/2018 لیژنەی ووربینی لە لیستی مووچەخۆرانی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی هەرێمی کوردستان، سەردانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانییان کردو لەلایەن پ.ی.د.ئالان فەرەیدوون عەلی ئەمین سەرۆکی زانکۆو پ.ی.د.دانا ئەحمەد موستەفا یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆکاروباری کارگێڕی و دارایی و بەرێوەبەرو فەرمانبەرانی بەرێوەبەرایەتی دارایی و کارگێڕییەوە پێشوازی کران.
لە سەردانەکەیاندا لیژنەکەی بەغدا داوایان کرد کە زانکۆمان هاوکاربن لەم کارەداو ئەوانیش ئەوەی پێیان بکرێت مەبەستیانە بەزووترین کات کارەکانیان تەواوبکەن و ئەنجامی کارەکانیان رادەستی لیژنەی باڵابکەنەوە لە ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی فیدراڵ، بەو ئامانجەی بەزوترین کات مووچەی فەرمانبەرانی وەزارەتهکە خەرجبکرێت.
لەبەرامبەردا سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی بەگەرمی پێشوازی و بەخێرهاتنی کردو رایگەیاند، ئەوان لەسەر راسپاردەو بڕیاری جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم و وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ئامادەی هەموو هاوکاری و پشتیوانییەکن بۆ ئەم لیژنەیەو بۆ ئەو مەبەستەش ئامادەکاری تەواومان کردووەو رێنمایی و فەرمانی تایبەتمان لەو رووەوە ئاراستەی بەریوەبەرایەتییە دیاری کراوەکانی زانکۆمان کردووە، ئێوەش چیتان بوێت بۆ خێرا راپەراندنی کارەکانتان ئەوا ئێمە ئامادەین و هاوکاردەبین.
هەربۆیە پێنج شەممە تاوەکو کاتژمێر 10ی شەو سەرۆکی زانکۆو یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆو فەرمانبەرو بەرێوەبەری پەیوەندیدار لەسەرۆکایەتی زانکۆ مانەوەو هاوکاری و هەماهەنگی لیژنەکەیان کرد بۆ خێرا راپەراندنی کارەکانیان.