Back

بە ئەلیكترۆنی كردنی وەزارتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی راگەیەندرا

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حكومەتی هەرێم سەركەوتنی پڕۆژەی بەڕێوەبردنی ئەلیكترۆنی وەزارەتی خوێندنی باڵای راگەیاند و بە یەكێك لە پڕۆژە گرنگ و كاریگەرەكانی وەزارەتەكە وەسفی دەكات، كە كاریگەری لەسەر ژیانی هاوڵاتیان و مامۆستایان و فەرمانبەران و خوێندكارانی زانكۆ و دامەزراوەكانی خوێندنی باڵا دەبێت. لە مەراسیمێكدا بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم و د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و مەحمود حاجی ساڵح وەزیری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان و، سەرۆكی زانكۆكان و راوێژكارانی و بەڕێوەبەرە گشتییەكانی دیوانی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی و، ژمارەیەكی بەرچاو لە شارەزایانی و پسپۆڕانی بوارەكە لە هۆڵی هۆتێل ڕۆتانا لە شاری هەولێر بە ئەلیكترۆنی كردنی وەزارتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی راگەیەندرا. لەمیانی پێشكەشكردنی وتەكەیدا، د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند: خۆشحاڵم ئەمڕۆ سەركەوتنی پڕۆژەی بەڕێوەبردنی ئەلیكترۆنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕادەگەیەنم، كە ئەم پڕۆژەیە یەكێكە لە پڕۆژە گرنگ و كاریگەرەكانی وەزارەتەكەمان و بێگومان كاریگەری لەسەر ژیانی هاوڵاتیان و مامۆستایان و فەرمانبەران و خوێندكارانی زانكۆ و دامەزراوەكانی خوێندنی باڵا دەبێت. لەبارەی سیستمەكەش د. یوسف گۆران وتی: سیستمەكە بەڕێوەبردنی شەش بواری سەرەكی لەخۆ دەگرێت، كەبریتین لە (ڕێكخستنی سەرچاوە مرۆییەكان، رێكخستنی سیستمی دارایی و بەڕێوەبردن، چاودێری كردنی مامەڵە و نوسراوەكان، سیستمی زانیاری خوێندكاران و قوتابیان، سیستمی بەڕێوەبردنی نێردراوان و یەكسان كردنی بڕوانامەكان)، ئەوەشی ڕاگەیاند: كە ئەم سیستمە یارمەتیدەرمان دەبێت بۆ ئەوەی بتوانین خێراتر و كاراتر خزمەتگوزارییەكانمان پێشكەش بە هاوڵاتیان بكەین و ڕۆتین و بیرۆكراسیەتی كارگێڕی كەمبكەینەوە، هەروەها دەرفەتی چەسپاندنی بنەماكانی شەفافیەت و كەمكردنەوەی خەرجی بەڕێوەبردن دەڕەخسێنێت و یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئەوەی بتوانین هەمیشە سوود لە داتا و بانكی زانیارییە كۆكراوەكان وەربگرین و لەپڕۆسەی بڕیاردان و داڕشتنی سیاسەتی گشتیدا سوودیان لێ وەربگرین. وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئاماژەی بەوەشكرد كە لە قۆناغی داهاتوودا سیستمی بەڕێوەبردنی زانكۆكانیش بە ئەلیكترۆنی دەكرێن. دەربارەی گرنگی سیستمەكە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لەمیانی پێشكەشكردنی وتەیەكدا ڕایگەیاند: خۆشحاڵم كە هەنگاوێكی تری چاكسازی دەبینم ئێوە لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی هەمیشە هەوڵتان داوە بەردەوام بن لە چاكسازی، ئەم هەنگاوەش هەنگاوێكی تری بەرجەستەی ئەو كارانەیە كە لە بواری چاكسازیەوە ناوتانە. تەكنەلۆجیا هاوكارێكی گرنگی كارگێڕیە و دەبێتە دەرفەتێك بۆ باش بەڕێوەبردنی كارەكان و ڕایی كردنی مامەڵەكان ئەم بوارەش پێویستیەكە كە هەموو بوارەكانی ژیان دەگرێتەوە، دەستخۆشیتان لێدەكەم بۆ ئەو كارانە و كارەكانی دیكەی ئەنجامتان داوە”.هەر لە وتەكەیدا ئاماژەی بەوەدا كە بودجە نەبوو ئێمە نەمانتوانی باڵەخانە و تاقیگەی تازە بۆ زانكۆ و پەیمانگاكان دروست بكەین، ئێوە دەستە وەستان نەوەستان و بۆڵە بۆڵەتان نەكرد هەنگاوی جدیتان نا، بۆیە هەربژین، ئێوە وەك وەزارتی خوێندنی باڵا سیستمی ناوەندی وەرگتنتان گۆڕیوە لە كۆنەوە بۆ سیستمێكی تازە و سەردەمی.
This shortcode LP Profile only use on the page Profile