Back

سیمیناری ( شوێنێك بۆ دۆزینەوەی زانینی نوێ ) بەڕێوەچوو

بە مەبەستی ناساندنی سەنتەری توێژینەوەی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و كار و چالاكی و بەرنامە و پلانی سەنتەر بۆ توێژەرانی زانكۆ و دەرەوەی زانكۆ سیمینارێك لەلایەن د.ڕۆژین كەمال محەمەد ئەمین سەرپەرشتیاری سەنتەرەكە بەڕێوەچوو. رۆژی یەكشەممە 2018/2/25 بە ئامادەبوونی د.سۆران سەعید یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی بۆ كاروباری زانستی و ژمارەیەكی بەرچاو لە توێژەران و مامۆستایانی زانكۆ و فەرمانبەران، سیمینارێك بەناونیشانی ( شوێنێك بۆ دۆزینەوەی زانینی نوێ ) لەلایەن د.رۆژین كەمال محەمەد ئەمین سەرپەرشتیاری سەنتەری توێژینەوەی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی لە هۆڵی پیرەمێردی سەرۆكایەتی زانكۆ بەڕێوەچوو، لە سیمینارەكەدا د.رۆژین كەمال بە وردی باسی لە هەیكەلی سەنتەرەكە و كارو چالاكییەكانی و پلانی داهاتووی سەنتەرەكە كرد. دەربارەی سەنتەری توێژینەوەی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی د.رۆژین كەمال وتی: سەنتەری توێژینەوەی زانكۆی توێژەری ناوخۆی و نێودەوڵەتی بەیەكەوە كۆدەكاتەوە بۆ ئەنجامدانی توێژینەوەی كاریگەر و ئاستبەرز، لە رێگەی پرۆژەكانی گرووپی توێژینەوە، وتیشی: سەنتەرەكەمان لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆ دۆزینەوەی زانینی نوێ كە ببێتە هۆی پێشخستنی زانستی بوارە جیاجیاكان، بە هەماهەنگی كردن لە هاوبەشە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكان، توێژەرەكانمان ئەو پرۆژە توێژینەوانە ئەنجام دەدەن كە گرفت و پێویستییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكان چارەسەر دەكەن. د.رۆژین كەمال ئامانجەكانی سەنتەری توێژینەوەی زانكۆی خستەڕوو رایگەیاند: هەڵدەستین بە ئەنجامدان و بڵاوكردنەوەی توێژینەوەی فرەپسپۆڕی نوێ بە هەماهەنگیكرد لەگەڵ هاوبەشە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكانماندا، هەروەها بنیادنانی توانای توێژینەوەی توێژەران لە رێگەی بەشداری پێكردنیان لە پرۆژەی توێژینەوەی نوێ و كاریگەر و رێكخستنی چالاكی راهێنان بۆیان لە بواری توێژینەوەدا. سەرپەرشتیاری سەنتەری توێژینەوەی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی ئاماژەی بەوەشكرد كە لە پلانی داهاتوویاندایە سەنتەرەكە بكەنە سەنتەرێكی نوێ و گەورەی توێژینەوە بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی زانستی و سوود گەیاندن بە توێژەران و خوێندكاران و مامۆستایان لە سەرجەم بوارەكاندا.
This shortcode LP Profile only use on the page Profile