کۆڕی شیعری ئاوێنە شکاوەکانی ئەودیوی بەرزەخ بەڕێوەچوو
لە هۆڵی سیمیناری کەمپی کۆلێجە تەکنیکییەکان و لەلایەن گروپێک لە خوێندکارانی قۆناغی سێی بەشی تەکنیکی کارگێڕییەوە کۆڕێکی شیعری بۆ بەڕێز مامۆستا نەوزاد حەمەد رێکخرا.
کۆڕە شیعرییەکە لە کاتژمێر 11ی سەرلەبەیانی و بەئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە خوێندکارو مامۆستا بەڕێوەچوو، تێیدا مامۆستا نەوزاد چەندین تێکستی شیعری خۆی بۆ ئامادەبوان خوێندەوە.
کۆڕەکە لەلایەن گروپی COU رێکخرابوو کە لە ژمارەیەک خوێندکاری قۆناغی سێی تەکنیکی کارگێڕی پێکهاتوون و گروپەکەش گرنگی بە رێکخستنی چالاکی ئەدەبی و رۆشنبیری جۆراو جۆر دەدات.
بەوتەی ئەندامانی گروپی COU ئامانجیان لە رێکخستنی ئەو چالاکییانە بۆ هێنانەدی کەشێکی ئارام و دورکەوتنەوەی خوێندکارانە لەو خەم و ئازارانەی کە بەهۆی بارودۆخی ئێستای کوردستانەوە رووبەڕوویان بۆتەوە، هەروەک ئامانجیانە بتوانن زیاتر برەو بەتواناکانی خوێندکاران بدەن تاوەکو بەشداری لە کۆڕو چالاکییە گشتییەکاندا بکەن.
لە درێژەی بەڕێوەچوونی کۆڕە شیعریەکەشدا بەڕێز مامۆستا نەوزاد کە مامۆستای بەشی تەکنیکی کارگێڕییە، لە ماوەی کاتژمێرێکدا چەندین پارچە شیعری پێشکەش کرد، شیعرەکانیشی زیاتر گوزراشت بوون لە خۆشەویستی و هەستی نیشتیمانی.
– راگەیاندنی کۆلێجی تەکنیکی کارگێڕی.