دوكان:سیمپۆزیۆمى بازاڕ و بازاڕگەرى، هەلی کارو گەشەى ئابووری بەڕێوەچوو
لەدرێژەى کاروچالاکییەکانى پەیمانگاى تەکنیکى دوکان، ئەمڕۆ سێ شەممە (٢٠١٨/٢/٢٠) زانکۆى پۆلیتەکنیکى سلێمانى، پەیمانگاى تەکنیکى دوکان، بەشى پەیوەندییە گشتییەکان و بەبازاڕکردن بە سپۆنسەرى کۆمپانیای گرنگ، بەئامادەبوونى مامۆستایان و خوێندکارانى پەیمانگاى تەکنیکى دوکان و یەکە ئیدارییەکانى ناوچەکە و خاوەن کار و کۆمپانیا سیمپۆزیۆمى (بازاڕ و بازاڕگەرى، هەلی کارو گەشەى ئابووری) بەڕێوەچوو.
دەستپێکى بەرنامەى کارى سیمپۆزیۆمەکە به ساتێك وهستان و بێدهنگی بۆ ڕێزلێنان لهگیانی پاكی شههیدان دهستیپێكرد، دواتر ووتەى بەخێرهاتنى میوانەکان لەلایەن بەڕێز (د.کاوە ڕەزا) ڕاگرى پەیمانگاى تەکنیکى دوکان پێشکەشکرا و تیایدا ئاماژەى بەوەدا( کوردستانیش بەهۆی ئەو بەرەو پێشچون و پێشکەوتنە ئابوری و سیاسی و دیبلۆماسیەی بە خۆوەی بینیوە لە ڕابردودا، بەهۆی کرانەوەی زیاتری کوردستان بە ڕوی وڵاتانی جیهاندا، ڕۆژ بە ڕۆژ کۆمپانیا و شمەک و کاڵای زیاتری جیهانی لە بواری جۆربەجۆردا دێنە هەرێمی کوردستانەوە، لەگەڵ ئەوەی بەشێکی زۆری ئەو کاڵایانە لە ڕوی کوالێتیەوە لە نزمترین ئاستدان، بەڵام لەبەر نەبونی شمەکی خۆماڵی و کەمی کارگە و بەرهەمهێنانی ناوخۆیی دانیشتوانی کوردستان خواستێکی زۆریان بۆ ئەم کاڵایانە هەیە، بەجۆرێک کاڵای چینی و تورکی و ئێرانی بازاڕەکانی هەرێمی کوردستانیان سیخناخ کردوە،هەر بۆیە ئەنجامدانی سیمپۆزیومێک لەلایەن پەیمانگاکەمانەوە بە سپۆنسەری کۆمپانیای گرنگ مشت و مڕی زیاتر بەڕووی ئەم پرسانە و ئاسۆی چارەسەرییەکان لەلایەن پانێلیست و پسپۆڕانی بەڕێزی ئەم سیمپۆزیمەوە گەڵاڵە دەکات، بە ئومێدی ئەوەی دەرئەنجامی ئەم سیمپۆزیومە بەرچاو ڕوونی زیاتر بداتە لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ ئەوەی کاری پێویست و گونجاو ئەنجام بدەن، لەپێناوی ئابورییەکی گەشە کردوو، کە بازاڕ ببوژێنێتەوە و هەلی کاری زیاتر بۆ خوێندکارانی دەرچوو و هاوڵاتیان دەستەبەر بکات) .
بەرنامەى کارى سیمپۆزیۆمەکە بە دوو پانێڵ بەڕێوەچوو، پانێڵى یەکەم لەلایەن بەشداربووان بەڕێز(پ.ی.د.خالید حیدەر) پسپۆڕی ئابوورى و مامۆستا لە زانکۆى سلێمانى، کۆلێژى کارگێڕى و ئابورى بە تەوەرى (بنەما سەرەکیەکانى ستراتیژى بازاڕی سەرکەوتوو) و بەڕێز (یاسین محمود رەشید) ناسراو بە(مەلا یاسین) وتەبێژى یەکێتى وەبەرهێنەرانى کوردستان و سەرۆکى یەکێتى وەبەرهێنەران، لقی سلێمانى، بەتەوەرى (کاریگەرییەکانى قەیران لەسەر بازاڕ و هەلى کار)بەشداربوون، هەروەها بەڕێوەبەرى پانێڵ لەلایەن بەڕێز(م.هەرمن شێرکۆ) سەرۆکى بەشى پەیوەندییە گشتییەکان و بەبازاڕکردن لەپەیمانگاى تەکنیکى دوکان بەڕێوەچوو.
پانێڵى دووەم لەلایەن بەشداربووان بەڕێز(پ.ی.د.نەزاکەت حسێن) مامۆستا لەزانکۆى سلێمانى، کۆلێژى زانستەمرۆڤایەتیەکان، بەشى ڕاگەیاندن، بەتەوەرى (کاریگەرییەکانى ڕیکلام لەسەر گەشەى بازاڕ) و بەڕێز (م.بڕیار رؤوف) خاوەنى لیدرس دریم بۆ ڕاهێنان و ڕاوێژکارى و ڕاهێنەرى کۆمپانیاى (John Maxwell)ی ئەمریکى، بەتەوەرى( بونیادنانى ژیان لەڕێگەى بازاڕگەرییەوە) بەشداربوون، بەرێوەبەرى پانێڵى دووەم لەلایەن (م.ئاراس عەلى) مامۆستا لەپەیمانگاى تەکنیکى دوکان، بەشى پەیوەندییە گشتییەکان و بەبازاڕکردن بەڕێوەچوو.
هەریەک لەو بەشداربووانە دیدو بۆچوونى خۆیان دەربارەى تەوەرەکان تاووتوێ کرد و ئاماژەیان بە ستراتیژی بازاڕ و کاریگەریەکانی سەر بازاڕ لەپێناو فراوان کردنی هەلی کار وگەشەدان بە ئابوری تاک و کۆماڵ وبوژانەوەی ژێرخانی ئابوری خێزان و کۆمەڵگاکان، بەباس کردن لە ستراتیژی بازاڕگەری سەرکەوتوو، سیستمی بازاڕگەری لە کوردستان و بونیادی بازاڕی گەشەکردوو و بەژداری پێکردنی زۆرینەی توانای مرۆیی بۆ باشکردنی ئابوری لەنێو بازاڕ لە هەرێمی کوردستان هەروەها کاریگەریەکانی سەر بازاڕ و کاری ڕیکلام و بازاڕگەری لەسەر بنەما تەندروستەکان و لەپێناوی گەشەی بازاڕ و ڕۆڵی بازاڕ لە گەشەی ئابوری نێو کۆمەڵگاکان، دواتر ئەو هۆکارانەی کار دەکەنە سەر گەشەی بازاڕ لەپێناو زیاد بوونی هەلی کار وگەشەی ئابوری لە هەرێمی کوردستان.
دواتر لەلایەن میوانەکانەوە چەند پرسیار و تێبینى لەسەر تەوەرەکان ئاراستەى پانێلستەکان کرا ودواتر لەلایەن بەشداربووانی پانێلەکانەوە ڕاسپاردەکان خرانە ڕوو تاکو بخرێنە بەرنامەی کار.
لەکۆتایی سیمپۆزیۆمەکەدا لەلایەن ڕاگری پەیمانگای تەکنیکی دوکان و سەرۆکی بەشی پەیوەندیە گشتیەکان و بەبازاڕکردن خاڵاتی ڕێزلێنان بەخشرایە پانێلستەکانی سیمپۆزیۆمەکە.