سیمپۆزیۆمێكی نێودەوڵەتی هاوبەش سازدەكرێت
دوا بەدوای سەردانی پ.ی.د.ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و پ.د.پۆڵا ئازاد خانەقا سەرۆكی دەستەی كوردستانی بۆ دراساتی ستراتیجی و توێژینەوەی زانستی بۆ زانكۆی (پەترا)ی یۆنانی و دەزگای (ئێگمێ)ی یۆنانی یەكەم چالاكی زانستی هاوبەش كەوتەبواری جێبەجێكردن.
لەو چوارچێوەیەشدا سەنتەری توێژینەوەی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی رێكەوتنێكی لەگەڵ دەزگای (ئێگمێ)ی یۆنانی و دەستەی كوردستانی بۆ دراساتی ستراتیجی و توێژینەوەی زانستی ئیمزاكرد بۆ ئەنجامدانی سیمپۆزیۆمێكی نێودەوڵەتی هاوبەش لەژێر ناونیشانی (Post-Mining Environmental Pollution ) لە ڕێكەوتی 24 تا 28 ی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ.
بۆ ئەو مەبەستە بانگهێشتی توێژەرانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی دەكرێت بۆ ناردنی پەیپەر بەمەبەستی بەشداریكردنیان لە سیمپۆزیۆمەكەدا.
شایەنی باسە دەزگای (ئێگمێ) گەورەترین دەزگای ڕووپێوی جیۆلۆجی یۆنانییە كە لە بواری جیۆلۆجی و كانزاكان و نەوت و جیۆسێرماڵ كار دەكات، چەندین بەشی جیا جیای هەیە لە یۆنان و ئەندام و ستافی تەكنیكی خاوەن ئەزموون كاری تێدا دەكەن، كە چەند پرۆفیسۆرێكی زانكۆی پەترا سەرۆكایەتی و ئەندامێتی دەزگای (ئێگمێ ) دەكەن.