كارەكانی لیژنەی باڵای وردبینی موچە لە وەزارەتی خوێندنی باڵا دەستپێكرد
بەئامانجی وردبینیكردن لە موچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی كوردستان، لیژنەی باڵای وردبینی موچە، كەلەلایەن حكومەتی عێراقییەوە پێكهاتووە، كارەكانیان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا دەستپێكرد.
بەگەیشتنی وەفدی حكومەتی عێراقی بە سەرۆكایەتی د.محمد عبد عەتیە سەراج بریكاری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی عێراقی بە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەلایەن ڕاوێژكار و بەڕێوەبەرە گشتیەكانی دیوانی وەزارەت پێشوازییان لێكرا و دواتر لە دیدارێكدا لەگەڵ د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و تویژینەوەی زانستی گفتوگۆیان لەبارەی دۆخی خوێندنی باڵا لە عێراق و هەرێمی كوردستان كرا، هەروەك باس لە چۆنیەتی پتەوكردنی پەیوەندییە زانستییەكانی نێوانیان كرا.
د.یوسف گۆران ئامادەیی تەواوەتی وەزارەتی بۆ سەرخستنی كارەكانی لیژنەی باڵای وردبینی موچە لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دووپاتكردەوە، وتیشی: ئەم كارانە سەرەتایەكی گرنگە بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانەی لە نێوان حكومەتی عێراقی و هەرێمی كوردستان هەیە، وتیشی: ئامانجی هەردوو حكومەت خزمەتكردنی هاوڵاتیانە، بۆیە گرنگە كە لە وەزارەتە خزمەتگوزارییەكانەوە كارەكانتان دەستپێكردووە.
وەزیری خوێندنی باڵا و تویژینەوەی زانستی هەرێم رایگەیاند: دەبێت هەمووان پێكەوە هەوڵ بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لە چوارچێوەی دەستور بنێین، شكاندنی بەستەڵەكی پەیوەندییەكانی نێوان كە بەم هەنگاوە دەستپێكردووە، دەبێتە هۆكاری ئاشكرابوونی ئاستی نیازپاكی نیوان هەردولا بۆ یەكتری.
د. محمد عبد عەتیە سەراج سەرۆكی لیژنەی باڵای وردبینی حكومەتی عیراق ستایشی جێبەجیكردنی سیستمی بایۆمەتری موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانی كرد و، وتی: جێبەجێكردنی ئەو سیستمە لە كوردستان كارێكی زۆر گرنگە و، كارئاسانی زۆر بۆ كارەكانی ئێمە دەكات، ئەوەشی راگەیاند: شایستە داراییەكانی فەرمانبەری فیعلی وەك حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عیراق جەختی لەسەر كردۆتەوە بە تەواوەتی مافی پارێزراوە و موچەی خۆی بە تەواوەتی وەردەگرێت.