Back

ڕێوڕه‌سمی 28 هه‌مین خولی ده‌رچوانی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی ده‌ستیپێكرد

به‌ چاودێری به‌ڕێز دكتۆر یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی و به‌سه‌رپه‌رشتی به‌ڕێز دكتۆر ئالان فه‌ره‌یدون علی ئه‌مین سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی و به‌ ئاماده‌بوونی به‌ڕێزدكتۆر هه‌ڤاڵ ابوبكر پارێزگاری سلێمانی و به‌ڕێز ئازاد محمد ئه‌مین سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی و نوێنه‌ری ژماره‌یه‌ك له‌ زانكۆكانی كوردستان و مامۆستایان و خوێندكارانی ده‌رچووی ساڵی 2016-2017 و له‌ ژێر ناونیشانی (شكۆی نیشتمان) به‌ڕێوه‌ده‌چێت ، ئه‌مڕۆ 2018/1/22 له‌ هۆڵی ته‌لاری هونه‌ری شاری سلێمانی ده‌ستیپێكرد. زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی له‌ ئێستادا خاوه‌نی پێنج كۆلێج و هه‌شت په‌یمانگاو 648 مامۆستایه‌ له‌سنوری شارو شارچكه‌كانی پارێزگای سلێمانی و له‌م ڕێوڕه‌سمه‌دا ئه‌مڕۆ 5715 خوێندكار بڕوانامه‌ی ده‌رچونیان پێده‌به‌خشرێت. سه‌ره‌تای ڕیوڕه‌سمه‌كه‌ به‌ ساتێك وه‌ستان و بێده‌نگی بۆ ڕێزلێنان له‌گیانی پاكی شه‌هیدان و ناوی پێشمه‌رگه‌ له‌گه‌ڵ سروودی ( خۆشم ئه‌وێ ی ووڵاته‌كه‌م) ده‌ستیپێكرد و دواتر كه‌ژاوه‌ی ئاڵای كۆماری عێراقی فیدراڵ و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی و  كۆلێج و په‌یمانگاكان نمایش كران. پاشان له‌گه‌ڵ مارشی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی پێشوازی كرا له‌ سه‌رۆك و یاریده‌ده‌رانی زانكۆو ڕاگرانی كۆلێج و په‌یمانگاكان . ووته‌ی ڕیكخه‌ران و سه‌رپه‌رشتیارانی ڕێوڕه‌سمی ده‌رچوانی خولی 28 هه‌مینی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی له‌لایه‌ن به‌ڕێز دكتۆر كاوه‌ ڕه‌زا پێشكه‌شكراو ئاماژه‌ی كرد به‌ ناونانی ئه‌م خوله‌ی ده‌رچوون به‌ناوی (شكۆی نیشتمان) كه‌ وه‌ك ڕێزێكه‌ بۆ له‌ده‌ستدانی كه‌سایه‌تی سیاسی و سه‌رۆك كۆماری عێراق و دڵسۆزی زانست و زانكۆكان هه‌ڤاڵ مام جه‌لال. پاشان سوپاسی پشتگیری و پشتیوانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی كرد بۆ سه‌رخستنی بواری خوێندنی باڵا، وه‌ پیرۆزبایی له‌ یه‌كه‌به‌یه‌كه‌ی خوێندكاران كرد و هیوای داهاتوییه‌كی گه‌شی بۆ خواستن.وه‌ سوپاسی سه‌رۆكی زانكۆو لیژنه‌ی ڕاگه‌یاندن و گشت لیژنه‌كان وسه‌رپه‌رشتیاران و لیژنه‌ ئه‌منییه‌كانی پارێزگای سلێمانی كرد كه‌ ماندوبوون به‌ ئاماده‌كاری ئه‌م ڕێوڕه‌سمه‌وه‌. پ.ی.د ئالان فه‌ره‌یدون علی ئه‌مین سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی له‌ ووته‌یه‌كیدا به‌خێرهاتنی میوانه‌ به‌ڕێزه‌كانی كرد و پیرۆزبایی خۆی و ئه‌نجومه‌نی زانكۆی گه‌یانده‌ خوێندكاران و كه‌س و كاریان كه‌ ئه‌مڕۆ به‌رهه‌می چه‌ندین ساڵه‌ی خه‌بات و ماندوبونیان ده‌چننه‌وه‌، وه‌ ئاماژه‌ی كرد كه‌ ئێمه‌ له‌ زانكۆكان هه‌میشه‌ پشتیوانتان ده‌بین بۆ خستنه‌ سار كارتان به‌پێ ی پسپۆری و بڕوانامه‌كانتان. هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی كرد به‌ ڕۆڵی سه‌رۆك مام جه‌لال له‌ پشتیوانییه‌ به‌رده‌وامه‌كانی بۆ زانكۆو خوێندنی باڵاو ووتی له‌ده‌ستدانی ئه‌و زاته‌ زه‌ره‌رێكی گه‌وره‌بوو له‌ كوردستان و به‌تایبه‌تتر له‌ ئێمه‌ وه‌ك مامۆستاو خوێندكارانی زانكۆ. دواتر ووتاری كۆمه‌ڵه‌ی خوێندكارانی كوردستان پێشكه‌شكرا. له‌لایه‌ن هه‌ریه‌كه‌ له‌ ڕاگرانی كۆلێج و په‌یمانگاكانه‌وه‌ داوا له‌ به‌ڕێز سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی كرا به‌پێ ی یاساو به‌ڕێوه‌چوونی هه‌موو ڕێكاره‌كانه‌وه‌ بڕوانامه‌ی ده‌رچوون ببه‌خشرێت به‌ خوێندكارانی ده‌رچوو ، وه‌له‌لایه‌ن سه‌رۆكی زانكۆوه‌ داواكه‌یان په‌سه‌ند كراو بڕوانامه‌ی ده‌رچونیان پێبه‌خشرا. له‌ كۆتاییدا خه‌ڵات به‌سه‌ر سه‌ركه‌وتواندا دابه‌شكرا،  شایانی باسه‌ خه‌ڵاته‌كان له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵه‌ی خوێندكارانی كوردستان و به‌ڕێز لاهور شێخ جه‌نگییه‌وه‌ دابینكرابوو.  
This shortcode LP Profile only use on the page Profile