نزیكەی ملیۆنێك دۆلاری دیكە بۆ خوێندكارانی تواناسازی خەرج دەكرێت
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی خەرجكردنی نزیكەی یەك ملیۆن دۆلاری وەك شایستەی دارایی خوێندكارانی بەرنامەی تواناسازی راگەیاند, كە ئێستا بەردەوامن لە خوێندن و (40) خوێندكاری تواناسازی دەگرێتەوە، تائێستاش نزیكەی (19) ملیۆن دۆلار لەو بوارەدا خەرجكراوە.
عەباس ئەكرەم وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە لێدوانێكدا ڕایگەیاند: دوای ئەوەی ڕەزامەندی لەسەر خەرجكردنی بڕی (٣٠) ملیۆن دۆلار بۆ خوێندكارانی تواناسازی درا، بۆ ئەم مەبەستە لیژنەی دابەشكردنی شایستە داراییەكانی خوێندكارانی بەرنامەی تواناسازی بڕیاریدا بە خەرجكردنی لیستی یەكەمی ساڵی ٢٠١٨ی شایستەی دارایی خوێندكارانی بەرنامەی تواناسازی.
وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی راشیگەیاند: لیستی یەكەمی شایستەی دارایی خوێندكارانی بەرنامەی تواناسازی لە ساڵی ٢٠١٨، بڕەكەی بریتییە (947,827) نۆسەد و چل و حەوت هەزار و هەشت سەد و بیست و حەوت دۆلاری ئەمریكی، و تیایدا (40) خوێندكاری بەرنامەی تواناسازی لە هەریەك لە زانكۆكانی جیهان سودمەند دەبن كە بەردەوامن لە خوێندن.
لەو چوارچێوەیەدا وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی سەرجەم ئەو خوێندكارانەی بەرنامەی تواناسازی ئاگادار دەكات، كە ناویان لە لیستی ژمارە (1)ی ساڵی (2018)ی هاوپێچدا هاتووە و، ژمارەیان (40) خوێندكارە، خۆیان یان بریكارەكانیان (وەكیل) سەردانی ژوری ژمارە (56) لە دیوانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بكەن بۆ وەرگرتنی چەكی سەرفكردنی شایستە داراییەكانیان.
وتەبێژەكەی وەزارەتی خوێندنی باڵا روونیشیكردەوە: پێشووتر لە چەندیدن قۆناغی جیادا وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بڕی (19) ملیۆن دۆلاری ئەمریكی خەرجكردووە.
بۆ بینینی لیستی ناوی خوێندكارانی شایستەی تواناسازی كلیك لێرە بكە.