وۆركشۆپی یەكەمی راهێنانی تەكنیكی و پیشەیی لە كوردستان و عیراق بەڕێوەچوو
لە درێژەی بەرنامەی بنیاتنانی تواناكانی سەركردە و مامۆستا و راهێنەرانی خوێندن و راهێنانی تەكنیكی و پیشەیی لە كوردستان و عیراق، رۆژانی 26-30/11/2017 لە ئوتێل های كریست لە شاری سلێمانی، وۆركشۆپی یەكەمی راهێنان بۆ بەشداربووانی هەر سێ وەزارەتی خوێندنی باڵا و پەروەردە و كار و كاروباری كۆمەڵایەتی ئەنجامدرا، كە بەهاوبەشی لەلایەن ئەنجومەنی رۆشنبیری بەریتانی ( British council ) و یونسكۆوە جێبەجێ دەكرێت و لایەنی دارایی لەلایەن یەكێتی ئەوروپاوە دابینكراوە.
مامۆستا و فەرمانبەری هەر سێ وەزارەتی خوێندنی باڵا و پەروەردە و كار و كاروباری كۆمەڵایەتی بەشداریی خولەكە بوون، لەو ژمارەیەش 20 مامۆستای زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی لە هەردوو پەیمانگەی تەكنیكی دوكان و كۆلێژی تەكنیكی كارگێڕیی بەشداربوون وەك بەشێك لە پێداویستییەكانی فەراهەمكردنی چاكسازیی لە خوێندنی تەكنیكی و پیشەیی لەناو بەرنامەی بونیاتنانی تواناكان بۆ جێبەجێكردنی چاكسازیی خوێندنی تەكنیكی و راهێنانی پیشەیی و پەروەردەیی ( TVET ).
ئامانج لە خولەكە گەشەپێدانی توانای دەستەی وانەوتنەوە و راهێنانە لەناو ناوەندەكانی زانكۆ و پەیمانگە و خوێندنگە پیشەیی و سەنتەرەكانی راهێنانی پیشەیی، بە ئاراستەی جێبەجێكردنی رێگە نوێیەكانی وانە وتنەوە و راهێنان كە لەسەر بنەمای “كردارەكی و جێبەجێكردن” بەڕێوەدەچێت.
لە رۆژی یەكەمدا وۆركشۆپەكە بە ئامادەبوونی پ.ی. د.سۆران ئەبوبەكر یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی بۆ كاروباری زانستی و خوێندنی باڵا، وتەیەكی پێشكەشكرد و بەپێی بەرنامەی داڕێژراو دەستی بەكارەكانی كرد.
لەلایەن زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی بەڕێز پ.ی.د.سەركەوت رۆستەم حەسەن، لە كۆلێژی تەكنیكی ئەندازیاری، وەك راهێنەری باڵا ( Super Trainer ) و سەرپەرشتیاری وۆركشۆپەكە بەشداربوو، كەپێشتر راهێنانی بە گرووپێك لە مامۆستا و راهێنەرانی هەر سێ وەزارەتی ناوبراو كردبوو بۆ پێگەیاندنیان وەك ( Master Trainer ) راهێنەری پێشكەوتوو.
لە وۆركشۆپی یەكەمی سلێمانی لەلایەن شەش راهێنەری پێشكەوتوو ( Master Trainer ) كە پێكهاتبوون لە: سەرخێڵ سیروان و سامان ساڵح، لە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و م.یەریڤان حەمید، لە وەزارەتی پەروەردە و جەمال عەبدوڵا و رەشا سەبری فەرەج و ژینۆ عەبدولئەمیر لە وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، بابەتەكان دەوترانەوە.