زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی هاوبەشی لە پڕۆژەیەكی نێودەوڵەتیدا دەكات
دوا بەدوای بانگهێشتكردن و پێشكەشكردنی سیمینارێك لەلایەن د.ڕۆژین كەمال محمدامین، سەرپەرشتیاری سەنتەری توێژینەوە و مامۆستا لە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی لە زانكۆی رێدینگی بەریتانی لە مانگی یەكی ئەمساڵدا، زانكۆ بەریتانیەكە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی هاوبەشی پێدەكات لە پڕۆژەیەكی نێودەوڵەتیدا شان بەشانی زانكۆی تاران لە ئێران و زانكۆی سلێمانی.
پڕۆژە نێودەوڵەتیەكە دەربارەی ئاڵوگۆڕی ستافی ئەكادیمیە لە بواری ڕاهێنانی شوێنەواری و توێژینەوەی كەلەپووری و پێشخستنی مۆزەخانەدا لە نێوان زانكۆی ڕێدیندگی بەریتانی و زانكۆ هاوبەشەكانی دا، وە پڕۆژەكە توانی فەندی Erasmus plus ی یەكێتی ئەوروپی وەربگرێت بۆ جێبەجێكردنی. دوابەدوای ئیمزاكردنی گرێبەستی پڕۆژەكەلەلایەن بەڕێز سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكەوە،لە بەرواری 31/10/2017 ەوە پڕۆژەكە لەگەڵ زانكۆدا بەریتانیەكەدا كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە و و بەردەوام دەبێت بۆ ماوەی دووساڵ.
شایەنی باسە كە لە سیمینارەكەی دا، د.ڕۆژین بە ئاماژە دان بۆ هەندێك لە پڕۆژە نێودەوڵەتیەكانی خۆی كاری تێداكردوون سەرنجی ئامادەبوانی ڕاكێشا بەلای پێشكەوتنە تازەكانی دیزاین و نمایشكردنی ناو مۆزەخانە و بەكارهێنانی تەكنەلۆجیایی سەردەمیانەی دیجیتاڵی وەك ئۆگمێنتد ڕیاڵتی كرد .بانگهێشت كردنەكە لەلایەن پڕۆفیسۆر رۆجەر ماسیۆس ، سەرۆكی بەشی شوێنەواری زانكۆی رێدینگەوە كرابوو وە بە ئامادەبوونی ژمارەیەكی بەرچاو لە پرۆفیسۆر و سەرۆك بەش و خوێندكارەكانی بەشە پەیوەندیدارەكانی زانكۆی ڕێدینگەوە بەڕێوەچوو.
جگە لە سوپاس كردن و دەستخۆشیكردنی ئامادەبووان لە د. ڕۆژین بۆ پێشكەشكردنی سیمینارێكی سەرنجڕاكێش و پڕ زانیاری بەسوود و تازە ، ڕاستەوخۆ دوای سیمینارەكە و دواتریش بە ئیمەیڵ، ژمارەیەكی بەرچاو لە پرۆفیسۆرە ئامادەبووەكان داوایان لە د. ڕۆژین كرد كە هاوبەشیان بێت لە ئەنجام دانی پڕۆژەی هاوشێوە لە بەریتانیادا. وە بۆ دروست كردنی پەیوەندی ئەكادیمی و توێژینەوەی هاوبەش لەگەڵ د. ڕۆژین، لەپاش سیمینارەكە پێشوازیەك بۆ گشت ئامادەبووان لە لایەن زانكۆ بەریتانیەكەوە ڕێكخرابوو.
وە یەكەم هەنگاوی زانكۆ بەریتانیەكە بۆ سوود وەرگرتن لە توانا و ئەزموونەكانی د. ڕۆژین لە پێشخستنی مۆزەخانە دا و ئەنجامدانی پڕۆژەی هاوبەش لەگەڵ زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی دا خۆی بینیەوە لە زیاد كردنی ناوی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و د. ڕۆژین بوو بۆ پڕۆپۆزوڵی ئەو پڕۆژە ئاڵوگۆرە ئەكادیمیە كە زانكۆ بەریتانیەكە پێشترئامادەی كردبوو بۆ زانكۆ هاوبەشەكانی تری .
وە بۆ ڕێزلێنان لەسەردانەكەی بۆ زانكۆی ڕێدینگ و لە كاتی پێشوازی كردنی دا لەلایەن پڕۆفیسۆر رۆجەر ماسیۆس و د. وێندی ماسیۆسەوە پێش سیمینارەكە سەردانێك بۆ د. ڕۆژین ڕێَكخرا بۆ مۆزەخانەی زانكۆی ڕێدینگ (كە بە گەورەترین مۆزەخانەی ژیانی كشتوكاڵی دادەنرێت لە بەریتانیادا) بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری مۆزەخانەكە، سەرباری ئەوەی كە ڕۆژی سەردانەكە پشووی فەرمی مۆزەخانەكەبوو.
د.ڕۆژین خاوەنی توێژینەوە و چالاكی ئەكادیمیە لە چەند وڵاتێكی وەك كەنەدا و ئەمەریكا و نیوزلەندە و هۆڵەندا و بەریتانیا و سویسرا و یابان و كەنداوی عەرەبی و سڕبیا. ماستەر و دواتر دكتۆراكەی لە زانكۆی كالگەری لە وولًَاتی كەنەدا بە پلەی نایابی باڵا (A) تەواوكردووە و چەندین خەڵاتی ئەكادیمی نێودەوڵەتی لەسەر ئاستی زانستی و دەستكەوتە ئەكادیمیەكانی وەرگرتووە و لە ساڵی 2012 دا نامەی پیرۆزبایی لە وەزیری ڕۆشنبیری و كەلتوری موقاتەعەی ئەلبێرتا وە ئاڕاستەكراوە لەسەر وەرگرتنی سكۆلەرشیپێكی وەزارەتەكەی بۆ پڕۆژەی توێژینەوەی دكتۆراكەی لەسەر مۆزەخانەیەكی كەنەدی. وە بەهۆی دەگمەنی و سەردەمیانەیی پسپۆڕیەكەی لە بەستنەوەی تەكنەلۆجیای دیجیتاڵی بە بواری تەلارسازی و دیزاینی ژینگەی دەستكرد بە تایبەتی مۆزەخانە وە چالاكیی لە توێژینەوەدا، لەم ماوەیەی پێشوودا بەشی تەلارسازی زانكۆی نۆرپ كارۆلاینای ئەمەریكی لە چارلۆت د. ڕۆژین یان بانگهێشت كرد بۆ پێشكەش كردن بۆ وانە ووتنەوە و سەرپەرشتی كردنی خوێندكارانی پڕۆگرامی ماستەرەكەیان لە بواری تەلارسازی و تەكنەلۆجیایی دیجیتاڵی دا.