بۆ زانكۆی چەرمۆ: “هاوخەمتانین”
لە پەیامێكیدا پرۆفیسۆری یاریدەدەر د.ئالا فەرەیدون عەلی ئەمین سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی، هاوخەمی خۆی بۆ رووداوی ئاگركەوتنەوەكەی ئەمڕۆی زانكۆی چەرمۆ رادەگەیەنێت.
لەپەیامەكەی پ.ی.د.ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین ـ دا هاتووە، بەناوی خۆم و ئەندامانی ئەنجومەنی زانكۆو مامۆستایان و فەرمانبەران و خوێندكارانی زانكۆمانەوە، دڵتەنگی و هاوخەمی خۆم بۆ رووداوەكەی ئەمڕۆی زانكۆی چەرمۆ رادەگەیەنم و ئامادەی هەموو هاوكاریەكیشین بۆ ئەو ناوەندە ئەكادیمیە زانستییەی پایتەختی شەهیدانی هەرێمی كوردستان، قەزای چەمچەماڵی خۆشەویست.
هەر لە پەیامەكەیدا دەڵێت، ئەم رووداوە لەئێستادا كە سەرەتای دەستپێكی ساڵی نوێی خوێندنە، كارەساتبارەو جێگای دڵتەنگیمانە، لەهەمانكاتدا راگرایەتی پەیمانگای تەكنیكی چەمچەماڵ ـ مان راسپاردووە دەستكراوەبن لە هاوكاری كردنی زانكۆی چەرمۆو چی پێویستە بۆ ئەوەی پرۆسەی زانست و خوێندن لەو زانكۆیە نەوەستێت بەئەنجامی بگەیەنن.
سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی دەشڵێت، لەهەمانكاتدا دڵخۆشین بەوەی رووداوەكە زیانی گیانی لێنەكەوتۆتەوە و تەنها زیانەكان ماددین و ئەوەش مایەی چارەسەرە و دووپاتیشی دەكەینەوە هاوكارتان دەبین.
ئەمڕۆ بەهۆی رووداوێكەوە، تاقیگەی كۆلێژ بنەڕەت لە زانكۆی چەرمۆ سووتا و بەوهۆیەوە زەرەر و زیانێكی ماددی زۆر بەر زانكۆكە كەوتووە.