زانكۆلاین بۆ دەرچووانی خولی دووەم كارا دەكرێت
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بڕیاریدا لە ڕۆژی 2017/9/21 (زانكۆلاین) بۆ دەرچووانی خولی دووەمی قۆناخی دوانزەی ئامادەیی كارا بكرێت.
بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە دەرچووانی پۆلی دوانزە ئەوە رادەگەیەنێت: كە لە سەعات (8) بەیانی ڕۆژی پێنچشەممە (2017/9/21 ) وێبسایتی زانكۆلاین بەناونیشانی (www.regayzanko.com) بۆ ماوەی هەشت ڕۆژ واتە تا سەعات (١٢)ی شەوی ڕێكەوتی (2017/9/28 ) بۆ دەرچووانی خولی دووەمی دەرچووانی قۆناخی دوانزەی ئامادەیی كارا بكرێت.
بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەرچوانی دوانزەی ئامادەیی ئاگادار دەكات، بۆ بەدەستهێنانی ناوی بەكارهێنەرو وشەی تێپەڕ (یوزەیەر نەیم و پاسۆرد) دەتوانن سەردانی پەروەردەكان بكەن، یاخود لە كاتی كارابوونی (زانكۆلاین) دەتوانن بە كۆدی تاقیكردنەوەكانی قۆناخی دوانزەی ئامادەیی بچنە ناو سیتسمی زانكۆلاین، دواتریش ژمارەی تەلەفۆنی خۆیان تۆمار بكەن و، پاشانیش لەڕێگەی كورتە نامەیەكەوە ناوی بەكارهێنەرو وشەی تێپەڕ (یوزەیەر نەیم و پاسۆرد)یان بەدەست دەگات و، دواتر دەتوانن بچنە ناو سیستمی زانكۆلاین بۆ هەڵبژاردنی بەش و كۆلێژ و پەیمانگە لە زانكۆكان.
بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی وەزارەتی خوێندنی باڵا جەخت لەسەر ئەوەش دەكات، كە كۆمەڵەی پزیشكی، ئەندازیاری،بەشی یاسا، بەشەكانی زیندەوەرزانی و كیمیا و كۆمپیوتەر لە كۆلێژەكانی زانست، بەشی زمانی ئینگلیزی لە كۆلێژ و سكوڵەكانی زمان و زانستە مرۆڤایەتییەكان و ئەدەبیات لە ڕێگەی (زانكۆلاین) خوێندكاران دەتوانن داواكاریان بۆ پێشكەش بكەن، هەروەك دەرچووانیش سەرپشككراون كە داواكاری بۆ چەند شوێن پێشكەش بكەن، هەروەك دەرچوانی پۆلی دوانزە ئاگادار دەكەین كە پەلە بكەن لە پڕكردنەوەی داواكاری بۆ وەرگرتن لە زانكۆكان بەڕێگەی زانكۆلاین.