نزیکەی ١٠٠ خوێندکار بەشداری تاقیکردنەوەی تەکنیکی کارگێڕیان کرد
بەمەبەستی وەرگرتن و دەستنیشانکردنی خوێندکارانی قۆناغی یەکەمی ئەمساڵ، کاتژمێر ١١ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لەبەشی تەکنیکی کارگێڕی، تاقیکردنەوەی تیۆری خوێندکاران بەڕێوەچوو.
لەتاقیکردنەوەکەدا نزیکەی ١٠٠ خوێندکاری دەرچووی پۆلی ١٢ ئامادەبوون.
مامۆستا رۆژ دلاوەر سەرۆکی بەشی تەنکیکی کارگێڕی رایگەیاند، پرسیاری تاقیکردنەوەکەی ئەمڕۆیان زیاتر شتی گشتی و رۆژانەن کە پەیوەستن بەبواری کارگێڕییەوە، کە لەو رێگەیەوە دەتوانرێت ھەڵسەنگاندن بۆ خوێندکاران بکرێت.
سەرۆکی بەشی تەنکیکی کارگێڕی ئاماژەی بەوەشدا، ئەوان دەیانەوێت ئەو خوێندکارانە بڕۆنە بەشەکەیانەوە، کە زانیارییان لەسەر بەشەکەو وانەکان ھەبێت، بۆئەوەی دواتر بتوانن زیاتر لەبەشی تەکنیکی کارگێڕی سودمەندبن.
سیستمی راستەوخۆیی بۆ وەرگرتنی خوێندکاران ماوەی دوو ساڵە لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاوە پەیڕەو دەکرێت، ساڵی رابردوو لەکۆلێجی تەکنیکی کارگێڕی و لەھەردوو بەشی تەکنیکی (میدیاو پەیوەندییە گشتییەکان و بازاڕگەری) خوێندکار بەو سیستەمە وەرگیرا، بۆ ئەمساڵیش لەبەشەکانی تەکنیکی (کارگێڕی و دارایی و ژمێریاری) بەھەمان سیستمی راستەوخۆیی خوێندکارانی قۆناغی یەکەم وەردەگرن.
ھاوکات دوێنێ شەمە لە بەشەکانی تەکنیکی (پەیوەندییە گشتییەکان و بازاڕ گەری و دارایی و ژمێریاری) تاقیکردنەوەی راستەوخۆیی بەڕێوەچوو.