زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی ٦ کورسی خوێندن بۆ رۆژنامەنووسان تەرخان دەکات
بەشی تەکنیکی میدیای کۆلێجی تەکنیکی کارگێریی، لەزانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی، ٦ کورسی خوێندن بۆ رۆژنامەنووسان تەرخان دەکات، ھەر رۆژنامەنووسێک خوازیارە لە بەشی تەکنیکی میدیا بخوێنێت، دەتوانێت بە رەچاوکردنی مەرج و رێنماییەکان، فۆرمی تایبەت بە خوێندن لە ھۆبەی تۆمارگای کۆلێجی تەکنیکی کارگێریی وەربگرێت.
دەربارەی مەرج و رێنماییەکان، پرۆفیسۆری یاریدەدەر د.حەکیم عوسمان راگریی کۆلێژی تەکنیکی کارگێریی، زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی، رایگەیاند: خوازیار دەبێت نمرەی بروانامەی ئامادەیی لە ٦٥% کەمتر نەبێت، بۆ دەرچوانی پەیمانگاش، تەنھا نمرەی پەیمانگایان بۆ ئەژمار دەکرێت و دەبێت لە ٦٥% کەمتر نەبێت.
وتیشی: دەبێت خوازیار تەمەنی لە ٣٥ ساڵ زیاتر نەبێت و پشتگیریی دامەزراوەی میدیایی یان ئەو ناوەندەی راگەیاندنەی کاری تێدادەکات پێشکەش بکات بە جۆرێک کە ماوەی کارکردن و بواری کارەکەی تێدا دیاریکراوبێت، مەرجیشە راگەیاندکار لانیکەم ئەزمونی ٣ ساڵ کارکردنی لە راگەیاندن ھەبێت و بە دۆکۆمێنت بیسەلمێنێت.
راگریی کۆلێژی تەکنیکی کارگێریی ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ئارەزوومەندان دەتوانن لەسبەینێوە سەردانی زانکۆ بکەن بەمەبەستی وەرگرتنی فۆرم.
پرۆفیسۆری یاریدەدەر د.حەکیم عوسمان ئاماژەی بەوەشکرد، تەرخانکردنی ئەو کورسیانە بۆ رۆژنامەنووسان، دەرفەتێکە بۆ راگەیاندکاران بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی ئەکادیمی ئاشنابن بە زانستی راگەیاندن و بتوانن بروانامەی زانکۆ لە بەشی تەکنیکی میدیا بەدەست بھێنن.