زانكۆلاین كارا دەكرێت
زانكۆلاین بۆ دەرچووانی خولی یەكەمی 12ی ئامادەیی لە بەرواری 2017/9/6 لە هەرێمی كوردستان كارادەكرێت.
عەباس ئەكرەم وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێم ڕایگەیاند: لە كۆبوونەوەی لیژنەی باڵای وەرگرتن بە سەرپەرشتی د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، بڕیاردرا لە سەعات 5ی دوانیوەڕۆی 2017/9/6 وێبسایتی زانكۆلاین بەناونیشانی (www.regayzanko.com) بۆ ماوەی 8 ڕۆژ واتە تا سەعات 12ی شەوی رێكەوتی 2017/9/14 بۆ دەرچووانی خولی یەكەمی قۆناغی 12ی ئامادەیی كارا بكرێت.
وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا وتیشی: دەرچووانی 12ی ئامادەیی بۆ بەدەستهێنانی ناوی بەكارهێنەر و وشەی تێپەڕ (یوزەیەر نەیم و پاسۆرد) دەتوانن لەكاتی كارابوونی زانكۆلاین بەكۆدی تاقیكردنەوەكانی قۆناغی 12ی ئامادەیی بچنە ناو سیتسمی زانكۆلاین ، دواتر ژمارەی تەلەفۆنی خۆیان تۆمار بكەن، پاشان لەڕێگەی كورتە نامەیەكەوە ناوی بەكارهێنەر و وشەی تێپەڕیان بەدەست دەگات ، دواتر دەتوانن بچنە ناو سیستمی زانكۆلاین بۆ هەڵبژاردنی بەش و كۆلێژ و پەیمانگا.
عەباس ئەكرەم ڕاشیگەیاند: كۆمەڵەی پزیشكی، ئەندازیاری،بەشی یاسا، بەشەكانی زیندەوەرزانی و كیمیا و كۆمپیوتەر لە كۆلێژەكانی زانست، بەشی زمانی ئینگلیزی لە كۆلێژ و سكوڵەكانی زمان و زانستە مرۆڤایەتییەكان و ئەدەبیات لە ڕێگەی (زانكۆلاین) خوێندكاران دەتوانن داواكاری پێشكەش بكەن، هەروەك دەرچووانیش سەرپشككراون كە داواكاری بۆ چەند شوێن پێشكەش بكەن.
بۆ ئەو دەرچووانەی كە كارتی نیشتیمانیان دەركردوە و، ناسنامەی باری شارستانی و ڕەگەزنامەییان لێ وەرگیراوەتەوە، وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا وتی: لەكاتی پڕكردنەوەی فۆرمی پێشكەشكردن لە(زانكۆلاین) و، لەهەر شوێنێك داوای ژمارەی ڕەگەزنامە و ناسنامەی باری شارستانی، ئەوا دەتوانن ژمارەی كارتی نیشتیمانیان بنووسن تا كارەكانیان بەتەواوەتی بۆ ڕایبكرێت.
راگەیاندنی زانكۆ/
شیروان جەمال