سەرۆكی زانكۆ پۆلیتەكنیكی سلێمانی: ئەركی زانكۆ بەرهەمهێنانی گەنجی هۆشیار و بونیاتنەری ئایندەیە
لەگەڵ دەستپێكردنی یەكەمین كۆنفرانسی نێودەوڵەتی ئەندازیاری و كۆمپیوتینگ پ.ی.د. ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین سەرۆكی زانكۆ پۆلیتەكنیكی سلێمانی وتارێكی پێشكەش كرد و بەناوی ئەنجومەنی زانكۆ بەخێرهاتنی میوانەكان كرد و رایگەیاند: ئەركی زانكۆ بەرهەمهێنانی گەنجی هۆشیار و بونیاتنەری ئایندەی وڵات و سیستمی ژیانی كۆمەڵاتییە.
سەبارەت بە كۆنفرانسەكە پ.ی.د. ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین وتی: ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی پایتەختی رۆشنبیری كۆمەڵێك توێژەر و كەسانی ئەكادیمی ئەم كۆنفرانسە وەكو كارێكی ئەكادیمی پرۆفیشناڵ پێشكەش دەكەین كە بەرهەمی كاری زانستی ئەم كۆنفرانسە پێشكەش دەكەین، تەنها لەمساڵدا جگە لەم كۆنفرانسە سێ كۆنفرانسی نێودەوڵەتی دیكەمان لە بوارەكانی ئابووری و تەندروستی و پزیشكی ئەنجامداوە.
دەربارەی كاری داهاتووی زانكۆ پ.ی.د. ئالان فەرەیدون رایگەیاند: كاردەكەین بۆ دەستپێكردنی خوێندنی پیشەیی كە بەهاوكاری و سەرپەرشتی وەزارەتی خوێندنی باڵا ئەنجامی دەدەین، بەڵێن دەدەین كە ئەنجامدانی ئەم جۆرە كۆنفرانسانە بەردەوام بێت لە ئایندەدا بۆ برەودان بە پەیوەندی زانستی و خزمەتی كۆمەڵگاكەمان.
لە كۆتاییدا سەرۆكی زانكۆ پۆلیتەكنیكی سلێمانی سوپاسی وەزارەتی خوێندنی باڵای كرد كە هەمیشە پشتیوانی زانكۆ بووە بۆ ئەنجامدانی چالاكی و پرۆژەكانی چاكسازی و ریفۆرمی خوێندنی تەكنیكی، هەروەها سوپاسی سەرۆك و ئەندامانی ئەنجومەنی زانكۆی جیهان لە سلێمانی كرد كە هاوكاربوون بۆ ئەنجامدانی ئەم كۆنفرانسە بە هاوبەشی.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ 22-8-2017 یەکەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ئەندازیاری و کۆمپیوتینگ، لەژێر چاودێری بەرێز د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی و بەچاودێری راستەوخۆی پ.ی.د.ئالان فەرەیدوون عەلی ئەمین سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و د.ئارام سەرۆکی زانکۆی جیھان و بەھاوبەشی ھەردوو زانکۆ بەرێوەدەچێت و بە ئامادەبوونی ژمارەیەكی بەرچاو لە مامۆستایانی زانكۆ و توێژەرانی ناوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتی، بە پێشكەشكردنی زیاتر لە 60 توێژینەوە لە شاری سلێمانی دەستی بەكارەكانی كرد.