وۆرکشۆپی ریفۆرمی زانکۆ پۆلیتەکنیکییەکانی کوردستان بەرێوەچوو
زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی وۆرشۆپێکی لەژێر ناونیشانی ( پرۆژەی ریفۆرمی زانکۆ پۆلیتەکنیکییەکانی کوردستان، ئامانج و میکانیزمی جێبەجێکردن) بۆ زانکۆ پۆلیتەکنیکییەکانی کوردستان رێکخست، کە خۆی لە قۆناغی دووەمی جێبەجێکردنی پرۆژەی ریفۆرمی زانکۆکان دەبینییەوە.
سەرەتای وۆرکشۆپەکە بە وتەی پ.ی.د. ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی دەستپێکرد و وێڕای بەخێرھاتنی میوانەکان وتی: لە قۆناغی یەکەمی جێبەجێکردنی پرۆژەی ریفۆرمی زانکۆ پۆلیتەکنیکییەکان کە لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی ھەولێر بەڕێوەچوو، ئەمڕۆ خۆمان بە خۆشحاڵ دەزانین کە لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی بۆ جێبەجێکردنی قۆناغی دووەمی پرۆژەی ریفۆرمەکە کۆبووینەتەوە، دەمانەوێت لەم وۆرکشۆپەدا بە تێروتەسەلی باسی جێبەجێکردنی پرۆژەکە بکەین. لە درێژەی وتەکانیدا پ.ی.د. ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین ئاماژەی بە پێشکەوتنی زانکۆ پۆلیتەکنیکییەکان کرد و وتی: زانکۆ پۆلیتەکنیکییەکان لە چالاکییە زانستی و ئەکادیمی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و چەند پرۆژە و ریفۆرم و خوێندنی باڵادا پێشکەوتنێکی باشیان بە خۆیانەوە بینیوە، لە پرۆژەی ریفۆرمەکەدا باسمان لە پێدانی بڕوانامەی پیشەیی کردووە کە بتوانین بڕوانامەی پیشەیی ( سێ مانگ، شەش مانگ یاخود ساڵێک ) بدەین ھاوشێوەی ئەو بڕوانامانەی ھەیە لە وڵاتانی ئەوروپا، بڕیاریشە بە پشتیوانی وەزیری خوێندنی باڵا دەست بکەین بە جێبەجێکردنی پرۆژەکە و ئیتر چاوەڕوانی لایەنی تیۆری نەکەین.
پاشان لەلایەن پ.ی.د. کاوە عەبدولکەریم شێروانی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر پرۆژەی ریفۆرمی زانکۆکانی پێشکەشکرا و رایگەیاند: بۆ بەرەوپێشچوونی پرۆسەی خوێندنی تەکنیکی پێوستمان بە ریفۆر و گۆڕانکاری زیاتر ھەیە و مایەی دڵخۆشییە پەیوەندی و ھەماھەنگی نێوان زانکۆ پۆلیتەکنیکییەکان لە ئاستێکی زۆرباشدایە بۆیە چاوەڕوانی بەرەوپێشچوونی زیاتر دەکەین.
ھەوروەھا لەلایەن ھەریەک لە مامۆستا بەختیار عوبێد شەریف بەڕێوەبەری تۆماری گشتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و د نەجیب توما یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی ھەولێر بۆ کاروباری زانستی سیستمەکانی وەرگرتنی خوێندکاران ( ئامانج و پێشھات) و پێداچوونەوە بە کۆرسی یەکەمی پرۆژەی ریفۆرمی زانکۆ پۆلیتەکنیکییەکانی کوردستان پێشکەش کران.
دواتر کۆبوونەوەی لیژنەی ریفۆرم و گفتوگۆی کراوە و دانانی ئەکشن پلان بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەی ریفۆرمی زانکۆ پۆلیتەکنیکییەکانی کوردستان بەڕێوەچوو.
شایەنی باسە ھەریەک لە د.سۆران سەعید یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی بۆ کاروباری زانستی و د.دانا ئەحمەد یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری کارگێڕی و دارایی و خوێندکاران و د.کاوە رەزا راگری پەیمانگای دوکان و راگری کۆلێجی تەکنیکی تەندروستی سەر بە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و نوێنەری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و مامۆستایانی زانکۆ ئامادەی وۆرکشۆپەکە بوون.
راگەیاندنی زانكۆ/ شیروان جەمال