سەرۆکی زانکۆ پشتگیری لە پڕۆژەی “گە نج و کشتوکاڵ” دەکات
سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی پێشوازی لە نوێنەری خوێندکارانی بەشداربووی پرۆژەی “گەنج و کشتوکاڵ”ی نوسینگەی گەنجانی جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان کردو بەڵێنی ھەموو ھاوکاری و پشتیوانییەکی پێدان.
لە پێشوازی نوێنەری خوێندکارانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی کە بەشدارییان لە پرۆژەکەدا کردووە، پرۆفیسۆری یاریدەدەر د.ئالان فەرەیدوون عەلی ئەمین رایگەیاند، وەکو ئەنجومەنی زانکۆو سەرۆکایەتی زانکۆ، زۆر دڵخۆشین بەوەی کە لە کارنامەو بەرنامەی نوسینگەی جێگری سەرۆکی حکومەتدا، گرنگی تایبەت بە گەنج و زیادکردنی رۆڵیان لەکۆمەڵگەدا دەدرێت، لەوەش زیاتر بەوە خۆشحاڵین کە کشتوکاڵ سێکتەرێکی سەرەکی گرنگی پێدانەکانی جێگری سەرۆکی حکومەتە.
د.ئالان ووتیشی، شانازی بەوەوە دەکەین کە خوێندکارانمان قۆڵ و بازویان لێ ھەڵماڵیوەو کچ و کوڕەکانمان بە چالاکانە بەشداری لەم پرۆژەیەدا دەکەن و ئاستێکی باش و بەرزی زانستی و کرداری پێشکەش دەکەن، ئەمە جگە لەوەی کە لەم پرۆژانەدا بۆمان دەردەکەوێت کە تا چەند توانیومانە کادری ناوەندی دەست و پەنجە رەنگین و ئاست بەرزی زانستی، بۆ کۆمەڵگە بەرھەمبھێنین. پاشان نوێنەری خوێندکارانی بەشداربوو، کورتەیەکیان لەسەر بەشداری کردن لە پرۆژەکەو ئەو سوودانەی لە پرۆژەکەیان بینیوە پێشکەش بە سەرۆکی زانکۆ کردو داوایان کرد، زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی زیاتر گرنگییان پێبدات و شانبەشانی نوسینگەی سەرۆکی حکومەت، ھاوکاریان بێت و درێژە بە پرۆژەکە بدرێت، کە بڕیاروایە مانگی ٨ی ئەمساڵ کۆتایی پێبێت.
ھەر لە ووتەکانیاندا نوێنەری خوێندکاران داوایانکرد، سەرۆکی زانکۆ ھاوکارییان بکات لە ئەنجامدانی گەشتێکی زانستی بۆ شاری ھەولێر تاوەکو لە نزیکەوە پرۆژە کشتوکاڵییەکانی ئەو شارە ببینن و لەگەڵ بەشدارانی پرۆژەکەش لە ھەولێر لە نزیکەوە گفتوگۆ بکەن و زانیارییەکانیان ئاڵوگۆڕ بکەن. ھەر لە درێژەی دیدارەکەیاندا پ.ی.د. ئالان فەرەیدوون بەڵێنی پێدان لە نزیکترین ماوەدا ئەو گەشتە زانستییەیان بۆ ئەنجامبدات و ھەروەھا بەڵێنی ئەوەشی پێدان کە پاش کۆتایی ھاتنی پرۆژەکە، زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی بە ھەماھەنگی لەگەڵ نوسینگەی بەرێز جێگری سەرۆکی حکومەت درێژە بە ئەم پرۆژەیە، یا پرۆژەیەکی ھاوشێوە دەدات و ئەم خوێندکارانەش دەبن بە سەرمەشق و ھاندەری خوێندکاران و گەنجان بۆ بەشداری لەم پرۆژانەدا.
جێی ئاماژەیە، پاش ئەوەی نوسینگەی گەنجانی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێم، ژمارەیەک پرۆژەی گرنگی بۆ گەنجان راگەیاند، لەئێستادا یەکێک لەو پرۆژانە بە ناوی پرۆژەی “گەنج و کوشتوکاڵ” کەوتۆتە بواری جێبەجێ کردنەوەو لەپارێزگاکانی ھەرێم خوێندکاران و دەرچووانی کۆلێج و پەیمانگا کشتوکاڵییەکان کاری تێدادەکەن.
پرۆژەی گەنج و کشتوکاڵ لە رێکەوتی ٢٠/٥/٢٠١٧ لە پارێزگاکانی ھەولێرو ھەڵەبجەو کەرکوک و قەزای خەبات، کەوتۆتە بواری جێبەجێکردنەوەو خوێندکارانی زانکۆو پەیمانگاو ئامادەییە کشتوکاڵییەکان تێیدا بەشدارن، کە بۆ ھەریەکێک لەم شوێنانە ٢٠ خوێندکار بەشدارن. ئەو بەرھەمانەی چێنراون و بەرھەمیان ھەبووە خوێندکاران خۆیان خستویانەتە بازارەوەو فرۆشتویانن و بریتین لە (خەیار ـ کولەکە ـ شوتی ـ کاڵەک ـ فاسۆلیا ـ بیبەر). ھەروەھا داھاتی ئەم پڕۆژەیە لە %٨٠ی بۆ خوێندکارانی بەشداربووەو %٢٠یشی دەگەڕێتەوە بۆ لیژنەی باڵاو بڕیاروایە لە مانگی ٨ی ئەمساڵدا کۆتایی بەپرۆژەکە بھێنرێت و لەسەر چەند بنەمایەکی زانستیش یەکەمی پرۆژەکە رابگەیەندرێت.