یەكێتیی ئەوروپا بەبڕی یەك ملیۆن یۆرۆ رەزامەندی لەسەر خەرجكردنی تێچووی جێبەجێكردنی پڕۆژەیەكی گرنگی بواری خوێندنی باڵا لە نێوان وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی كوردستان و ئەڵمانیا دەربڕی.
لە پڕۆژەكەدا وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و دەستەی كوردستانی بۆ دیراساتی ستراتیجی و توێژینەوەی زانستی و زانكۆكانی (پۆلیتەكنیكی سلێمانی، هەولێر و دهۆك، سەڵاحەددین/ هەولێر، سلێمانی، چەرموو، ڕاپەڕین، هەڵەبجە) بەشدار دەبن، پڕۆژەكە تایبەت دەبێت بە دروستكردن و بەهێزكردنی توانای مامۆستایان و بە نێودەوڵەتیكردنی زانكۆكانی هەرێمی كوردستان.
بۆیە جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژەیە دەرگایەكی دیكە بەڕووی زانكۆكانی هەرێمی كوردستان دەكاتەوە بۆ بەرزكردنەوەی توانای زانستی مامۆستایان و ئاشنابوون بە پێشكەوتنەكانی جیهان، جگە لەوەش دەرفەتی خوێندنی باڵا/ ماستەر و دكتۆرا بۆ خوێندكارانی كورد لە زانكۆكانی ئاڵمانیا و چیك دەڕەخسێنێت.
لە مانگی نیسانی ساڵی (٢٠١٥) وەفدێكی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە سەرۆكایەتی د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا سەردانی زانكۆی (جۆرج ئۆگەست گوتینگن) لە ئەڵمانیا كرد و بەجیا لەگەڵ سەرۆك و جێگری سەرۆكی زانكۆكە و ڕاگری كۆلێژەكانی كۆبۆوە، لە سەرجەم كۆبوونەوەكاندا وەزیری خوێندنی باڵای هەرێم باسی لە گرنگی و پێویستی بەهێزكردنی پەیوەندییە زانستی و ئەكادیمییەكانی نێوان (جۆرج ئۆگەست گوتینگن) و، دامەزراوەكانی خوێندنی باڵا لە هەرێمی كوردستان كرد، لەبەرامبەریشدا سەرۆكی زانكۆی (جۆرج ئۆگەست گوتینگن) ئامادەیی پیشاندا هاوكاری زانستی و لۆجیستی پێشكەش بە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و دامەزراوەكانی خوێندنی باڵا لە هەرێمی كوردستان بكەن.
زانكۆی (جۆرج ئۆگەست گوتینگن) یەكێكە لە زانكۆ بەناوبانگەكانی جیهان و لە ساڵی (1737) دامەزراوە، جگە لە پێگەیاندنی دەیان زانا و لێكۆڵەری نێودەوڵەتی، (٥٠) خەڵاتی نۆبڵی لە بواری زانستی وتوێژینەوەدا بەدەستهێناوە و پلەی یەكەمی زانكۆكانی ئەڵمانیای لە بواری بەهێزی پەیوەندی دەرەكی هەیە و لەهەمان كاتدا هاوبەشی لەگەڵ دەزگای (ماكس پلانگ) هەیە، كە ئەوەش بە پێنجەم دەزگای توێژینەوەی زانستی لەسەر ئاستی جیهان دادەنرێت.
راگەیاندنی زانكۆ/
شیروان جەمال
[learn_press_profile]
