زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی دەست بە دابەشكردنی فۆرمی وەرگرتنی راستەوخۆی خوێندكاران دەكات
لە سبەینێوە 15-8-2017 زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی دەست بە دابەشكردنی فۆڕمی سیستمی وەرگرتنی راستەوخۆی خوێندكاران دەكات و بەڕێوەبەری تۆماری گشتی زانكۆش دەڵێت: بۆ ئەو مەبەستە ئامادەكاری تەواو كراوە و لیژنەی زانستیش لە سەرجەم كۆلێژ و پەیمانگەكانی سەر بە زانكۆمان پێدەهێنین.
رۆژی دووشەممە 14/8/2017 بە ئامادەبوونی پ.ی.د. ئالان فەرەیدون سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و د. دانا ئەحمەد یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆ بۆ كاروباری خوێندكاران و كارگێڕی و دارایی، بەڕێوەبەرایەتی تۆماری گشتی زانكۆ وۆركشۆپێكی بەناونیشانی ( برەودان بە وەرگرتنی خوێندكاران لە رێگەی سیستمی وەرگرتنی راستەوخۆ ) بۆ سەرجەم بەڕێوەبەراتی تۆماری كۆلێژ و پەیمانگەكانی سەر بە زانكۆ رێكخست.
لە سەرەتای وۆركشۆپەكەدا مامۆستا بەختیار عوبێد شەریف بەڕێوەبەری تۆماری گشتی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی پێشینەیەكی لەسەر وەرگرتنی خوێندكاران لە زانكۆدا پێشكەش كرد و رایگەیاند: لە سبەینێوە 15-8-2017 زانكۆمان هەڵدەستێت بە دابەشكردنی فۆڕمی سیستمی وەرگرتنی راستەوخۆی خوێندكاران و ئەمساڵیش دەمانەوێت وەكو ساڵی رابردوو ببینەوە بە زانكۆیەكی نموونەیی لە وەرگرتنی راستەوخۆیی خوێنكاراندا، بۆ ئەو مەبەستەش پلان و ئامادەكاری تەواو جێبەجێ كراوە و لە سبەینێوە لیژنەی زانستی لە سەرجەم كۆلێژ و پەیمانگەنی سەر بە زانكۆمان پێدەهێنین، داواشی لە گشت لێپرسراوانی تۆماری كۆلێژ و پەیمانگەكان كرد لەكاتی سەردانیكردنیاندا روونكردنەوەی تەواو لەسەر سیستمی وەرگرتنی راستەوخۆ بە خوێندكاران بدەن بەبێ جیاوازیی.
پاشان بەڕێوەبەری تۆماری گشتی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی تیشكی خستە سەر لایەنە باشەكانی سیستمی وەرگرتنی راستەوخۆی خوێندكاران و وتی: سیستمی وەرگرتنی راستەوخۆی خوێندكاران لە سیستمی زانۆلاین باشترە، لەبەرئەوەی لە سیستمی وەرگرتنی راستەوخۆدا خوێندكاران دەتوانن بە ویستی خۆیان و بەپێی نمرەكانیان چەند بەشێكی كەم دەستنیشان بكەن كە ئارەزووی دەكەن، وە لە سیستمی زانكۆلایدا بە شێوەیەكی هەڕەمەكی خوێندكاران بەسەر بەشەكاندا دابەش دەكات كە لە سیستمی وەرگرتنی راستەوخۆدا بەپێی پێویستی بەشەكان دەبێت.
لە كۆتاییدا مامۆستا بەختیار عوبێد شەریف روونكردنەوەی پێویستی لەسەر سەرجەم خاڵەكانی مەرج و رێنماییەكانی سیستمی وەرگرتنی راستەوخۆی خوێندكاران بۆ ئامادەبووانی وۆركشۆپەكە خستەڕوو.
بڕیارە رۆژی 15-9-2017 زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی دەست بە دابەشكردنی فۆڕمی سیستمی پارالێڵ و ئێوارانیش بكات.
راگەیاندنی زانكۆ/
هەواڵساز: شیروان جەمال
فۆتۆ: رێگا ئەحمەد