مەلالە ژمارەیەك كچە خوێندكاری ئاوارە لە هەرێمی كوردستان بەسەردەكاتەوە
مەلالە یوسفزای كچە چالاكوانی پاكستانی و هەڵگری خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی و باڵیۆزی ئاشتی نەتەوەیەكگرتووەكان چاوی بە ژمارەیەك كچە ئاوارەی سوریا كەوت كە لەئێستادا لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان درێژە بە خوێندن دەدەن.
لەمیانی گەشتە جیهانییەكەیدا ( گەشتی توانای ئافرەت ) مەلالە یوسفزای باڵیۆزی ئاشتی نەتەوەیەكگرتووەكان سەردانی شاری هەولێر كرد و لە چوارچێوەی سەردانەكەشیدا لە قاوەخانەی كتێب چاوی بە هەریەك لە ( نالین و نێرگز و شیندا و ئەلفا ) كەوت، كە كچە خوێندكاری ئاوارەی سوریان و لەئێستادا بەمەبەستی خوێندن پەیوەندییان بە زانكۆكانی هەرێمی كوردستانەوە كردووە، هەریەكەیان چیرۆكێكی ناوازەی هەیە و بە زمانحاڵی خۆیان دەڵێن: دەنگەكانمان بەهێزترین چەكمانە بۆ خەباتكردن لەپێناو خوێندن و یەكسانیدا.
مەلالە یوسفزای لەنزیكەوە گوێبیستی چیرۆكی ئەو كچە ئاوارانە بوو، هەروەها ئارەزووی خۆی بۆ دابینكردنی خوێندن بۆ كچە ئاوارەكان لە هەرێمی كوردستان دەربڕی و وتی: خۆشحاڵم بەسەردانەكە و بەپەرۆشەوە دەڕوانمە چاوپێكەوتن لەگەڵ كچان و ئافرەتان و دەمەوێت لە نزیكەوە گوێ لە چیڕۆكەكانیان بگرم، چونكە ئێمەش هەمان چیرۆكی ئاوارەییمان بینیووە و قوربانی دەستی تیرۆر بووین و هەمان ئازارمان چەشتووە، بۆیە بۆ ئاشتی و پێكەوەژیان تێدەكۆشین.
نەتەوەیەكگرتووەكان لەڕێگەی پڕۆگرامی ( دافی ) بەخششی خوێندنی باڵا پێشكەش بەو ئاوارانە دەكات كە بەهۆی شەڕ و توندوتیژییەوە لە وڵاتەكانیاندا بوونەتە میوانی وڵاتانی دیكە، لە ساڵی 2015 دا پڕۆگرامی دافی پشتگیری لە 2321 خوێندكاری ئاوارە كرد بۆ درێژەدان بە پرۆسەی خوێندن لە زانكۆ و كۆلێژەكان لە 40 وڵاتی جیهاندا، هەر لەم رێگەیەوە ( نالین، شیندا،ئەلفا و نێرگز ) لە هەرێمی كوردستان سوودمەند بوون بەشێوەیەك كە نالین لە ئەدەبدا تایبەتمەندی وەردەگرێت و شیندا لە هونەرە جوانەكان و ئەلفا لە كارگێڕی كار و نێرگزش دەخوێنێت تا ببێتە پزیشك.
رۆژی دووشەممە 10-7-2017 مەلالە یوسفزای گەیشتە هەرێمی كوردستان، مەلالە لە مانگی 10ی 2012 لەلایەن چەكدارانی تاڵیبانەوە هێرشی كرایە سەر و بەسەختی برینداربوو، دواتریش بۆ وەرگرتنی چارەسەر رەوانەی ئەوروپا كرا، بە بچوكترین كەسایەتی وەرگری خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی دادەنرێت كە لەساڵی 2014 ئەو خەڵاتەی پێبەخشرا، مەلالە خاوەنی كتێبێكە بەناوی ( من مەلالەم ) كە لە سەرانسەری جیهان زیاتر لە 1.8 ملیۆن تیراژی لێ چاپكراوە.
راگەیاندنی زانكۆ/
شیروان جەمال