پاش ڕاگەیاندنی هەلی بەشداریکردن لە خوولی چڕوپڕی ئاسایشی ئەلیکترۆنی بۆ خوێندکاران و دەرچووانی زانکۆو پەیمانگەکان، لە سنوری شاری سلێمانی ژمارەیەکی بەرچاو لە خوێندکاران بەشدارییان کرد.
بەسەرپەرشتی ڕاستەوخۆی پرۆفیسۆر دکتۆر هوشیار عبدلله عزيز سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی خوولەکە بەسەرکەوتوویی ئەنجامدرا لەلەلایەن ئەکادیمیای سیسکۆ -کەمپی چوارچرا- زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و، بەهاوکاری یوئێس میشن.
ئەم خوولە بەمەبەستی ڕەخساندنی هەلی یەکسان بۆ سەرجەم گەنجان و ئارەزومەندانی بوارەکە، لەسەر وێبسایت و سەرجەم پەیجە فەرمیەکانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی (لینکی هەواڵ) بڵاوکرایەوە، کەلەماوە سێ ڕۆژدا زیاتر لە ٢٥٠ خوێندکار و دەرچووی زانکۆ گشتی و تایبەتەکانی سنوری شاری سلێمانی داواکاریان پێشکەش کردبوو.
بەشداربووانی خوولەکە لە زانکۆی سلێمانی، زانکۆی ئەمریکی لە عێراق سلێمانی، زانکۆی کۆمار، زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی، زانکۆی نێودەوڵەتی قەیوان، زانکۆی تیشکی نێودەوڵەتی، زانکۆی جیهان، زانکۆی گۆیژە، زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانییەوە، داواکاریان پێشکەشکردبوو، کە بە ڕەچاوکردنی ژمارەی بەشداربووان لەهەر زانکۆیەک، پسپۆری پێشکەشکاران، یەکسانی لە نێوان هەردوو ڕەگەزدا خوێندکاران و دەرچووان لەسەرجەم زانکۆکانەوە هەڵبژێردران.
ئەم خوولە تایبەتبوو بەبواری ئاسایشی ئەلیکترۆنی و پێشکەشکارانی خوولەکە تیشکیان خستە سەر بابەتی پراکتیکی و ئەو تایبەتمەندییانەی پێویستە لەبوارەکەدا، بەشێوەیەک کەبۆ پێداویستی و کارامەیی بازاڕی کاری ئاسایشی ئەلیکترۆنی گونجاوبێت.
لەم خولەدا ژمارەیەک لەپسپۆڕانی نێوخۆی و دەرەکی بەشدارییان لە ووتنەوەی وانەکاندا کرد، هەروەها پسپۆڕانی بواری ئاسایشی ئەلیکترۆنی لەکۆمپانیاکانەوە وەک کۆمپانیای (IQ) بەسوپاسەوە هاوکاربوون لە بەڕێوەبردنی خولەکەدا.













