هەواڵ و چالاکی

پیرۆزبایی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی بەبۆنەی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندنی (٢٠٢٦-٢٠٢٧)

بە ناوی خوای بەخشندە و میهرەبان
مامۆستایانی بەڕێز….
فەرمانبەرانی ئازیز….
خوێندکارانی خۆشەویست…..
خۆم بە خۆشحاڵ دەزانم لەگەڵ دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندنی (٢٠٢٦-٢٠٢٧) گەرمترین پیرۆزباییتان ئاڕاستە بکەم.
داواکارم لە خوای گەورە ئەم ساڵەی خوێندن ساڵێکی پڕ لە سەرکەوتن و بەخشین بێت و گشت ئامانجەکان و هیواکانمان لە پێناوی پێشخستنی ڕەوتی زانست و ئەکادیمیدا بێتەدی .
دەسپێکی هەر ساڵێکی نوێ وێستگەیەکی گرنگە بۆ نوێکردنەوەی توانا و بەردەوامبوونی کاری پێکەوەیی و هەوڵدانی زیاتر لە پێناو بەرزکردنەوەی ئاستی زانکۆمان.
ئێمە لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی بڕوامان وایە کە خوێندکاران چەقی سەرەکی پرۆسەی خویندنن و، ئامادەکردنی نەوەیەکی هۆشیار و جیاواز لە ڕووی زانست و ڕەوشت و پیشەیی لێپرسراوێتییەکی هاوبەشە لە نێوان یەکە کارگێڕیەکان و مامۆستایان و فەرمانبەراندا.
لێرەوە دەمەوێت سوپاس و پێزانینی خۆم پێشکەش بە هاوپیشەکانم بکەم لە مامۆستایانی بەڕێز و فەرمانبەرە ئازیزەکانمان کە بەردەوامن لە پێشکەشکردنی هەوڵی دڵسۆزانەی خۆیان بۆ خزمەتکردنی خوێندکارە ئازیزەکانمان و، داوا لە هەمووان دەکەم لە پێشخستنی زانکۆدا هەمیشە هەوڵبدەن ئەویش بە کارکردن بە گیانی یەک تیمی و هاوکاریکردنی بەردەوام کە ئەمەش دەبێتە هۆکارێکی سەرەکی بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانمان و جێبەجێکردنی پێگەی زانستی زانکۆمان لە کۆمەڵگەدا.
ئێمە لە سەرۆکایەتی زانکۆ بە بەردەوامی هەموو توانای خۆمان دەخەینەکار بۆ دەستەبەرکردنی ژینگەیەکی گونجاو بۆ خوێندکارانمان تا بتوانن لە داهێنانەکانیان بەردەوامبن، هەروەها هەوڵ دەدەین کە بەرنامە زانستی و چالاکیەکانی تر پێشبخەین بە جۆرێک کە لەگەڵ پێگەیاندنی مرۆڤ و خزمەتکردنی کۆمەڵگادا بگونجێت.
دووبارە پێرۆزبایی ساڵی نوێتان ئاڕاستە دەکەم
پ.د.هوشیار عبداللە عزیز
سەرۆکی زانکۆ

زیاتر ببینە
Back to top button