بە چاودێری پ.د. هوشیار عبدالله عزیز، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی، و بە ئامادەبوونی پ.ی.د. بەختیار عوبێد شریف، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری خوێندکاران، پ.د. هێرش ڕەسول موراد، ڕاگری کۆلێجی تەکنیکی کارگێڕی، پ.ی.د. یونس صابر عبدالله، ڕاگری کۆلێجی تەکنیکی تەندروستی و پزیشکی، پ.ی.د. ئەیسەر عبدالخالق عبدالرحمن، ڕاگری کۆلێجی تەکنیکی ئینفۆرماتیک، و بەشێک لە مامۆستایانی کەمپی کۆلێجە تەکنیکییەکانی چوارچرا، زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی لە مەراسیمێکی شایستەدا ماڵئاوایی لە خوێندکارانی زانکۆ عەرەبییەکان کرد کە بەشداری بەرنامەی مەشقی و ڕاهێنانی هاوینەیان کردبوو.
زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی لە چوارچێوەی بەرنامەکانی مەشق و ڕاهێنانی هاوینەدا، پێشوازی لە ژمارەیەک خوێندکاری زانکۆ جیاجیاکانی وڵاتانی میسر، فەلەستین و یەمەن کرد. ئەم بەرنامەیە بە مەبەستی گەشەپێدانی توانا زانستی و پڕاکتیکییەکانی خوێندکاران، هەروەها فراوانکردنی پەیوەندییە ئەکادیمی و کلتوورییەکان و ئاشنابوونیان بە ژینگە و کلتورە جیاوازەکانە.
دوای تەواوکردنی سەرجەم پرۆگرامەکانی مەشقی هاوینە، ڕۆژی (٢٧ی ئاب ٢٠٢٦)، زانکۆ لە مەراسیمێکی شایستەدا ماڵئاوایی لە خوێندکاران کرد.
مەراسیمەکە بە ساتێک وەستان بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکردو، پاشان پ.ی.د. بەختیار عوبێد شریف، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری خوێندکاران، وتەی بەخێرهاتن و سوپاسی پێشکەشکرد و جەختی لەسەر گرنگی ئەم جۆرە بەرنامە نێودەوڵەتییانە کردەوە کە ڕۆڵێکی گرنگ لە پتەوکردنی پەیوەندییە ئەکادیمییەکان و ئاڵوگۆڕی ئەزموونی لەنێوان خوێندکاراندا هەیە.
لە بەشێکی تری مەراسیمەکەدا، هەریەک لە خوێندکارانی زانکۆ جیاجیاکانی وڵاتانی عەرەبی، بە ناوی زانکۆکانیانەوە ووتەیان پێشکەشکرد و باسیان لە ئەزموونی بەشدارییان لە بەرنامەی مەشقی هاوینەو، میوانداری زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و سوودە زانستی و کلتوورییەکانی ئەم بەرنامەیە کرد.
پاشان لە چوارچێوەی پۆگرامەکەدا ڕاپۆرتێکی ڤیدیۆیی لەسەر سەردان و چالاکییەکانی خوێندکاران و مەشق پێکردنیان لە ماوەی بەرنامەکەدا پەخشکرا، کە تیشکی خستە سەر گرنگترین چالاکی و ئەنجامەکانیان.
لە کۆتایی مەراسیمەکەدا، خەڵاتی ڕێزلێنان و بڕوانامەی بەشداری لەلایەن یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری خوێندکاران و ڕاگری کۆلێجەکانی کەمپی چوارچرا پێشکەشی خوێندکاران کراو مەراسیمەکە بە گرتنی وێنەی یادگاری هاوبەش لەگەڵ خوێندکاران کۆتایی هات.





















