هەواڵ و چالاکی

شاندی باڵای زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی بەشداریی لە وۆرکشوپی تایبەت بە تێکەڵکردنی کارامەیی سەوز و دیجیتاڵییەکان لە خوێندن و ڕاهێنانی تەکنیکی وپیشەیی TVET3 کرد

ڕۆژی ( ٢٩ / تموز / ٢٠٢٦ ) لە شاری بەغداد، پرۆفیسۆر د. هوشیار عبداللە عزیز سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و پ.ی.د.ئاودێر محمد ئەحمەد بەڕێوەبەری پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکانی زانکۆ، بەشداریانکرد لە وۆرکشۆپی دەستپێکردنی سیاسەتی کەرتی و پلانی جێبەجێکردن بۆ تێکەڵکردنی تواناسەوز و دیجیتاڵییەکان لە پرۆگرام و دامەزراوەکانی پەروەردە و ڕاهێنانی تەکنیکی و پیشەیی (TVET3) دا.


وۆرکشۆپەکە لە چوارچێوەی پڕۆژەی پەروەردە و ڕاهێنانی تەکنیکی و پیشەیی سەوز و دیجیتاڵی بوو بۆ بەرزکردنەوەی هەلی کار لە عێراق (TVET III) کە لەلایەن یەکێتی ئەوروپاوە فەندی دارایی کراوە.
ئەم پڕۆگرامە بە بەشداری نوێنەری هەریەک لە زانکۆکانی (پۆلیتەکنیکی سلێمانی، پۆلیتەکنیکی هەولێر، پۆلیتەکنیکی دهۆک لە هەرێمی کوردستان و سەرجەم زانکۆ پۆلیتەکنیکییەکانی تری عێراق) ئەنجام درابوو کە لە لایەن ڕێکخراوی یونسکۆ – نووسینگەی عێراق، بە هاوبەشی لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا و بە هاوکاری وەزارەتەکانی (خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، پەروەردە، کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و پلاندانان) لە حکومەتی عێراقی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان جێبەجێدەکرێت.


لە وۆرکشۆپەکەدا دەستپێکردنی پێنج سیاسەتی کەرتیی و پێداچوونەوە بە پلانی جێبەجێکردنی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لە حکومەتی فیدڕاڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا ئەنجامدرا. هەروەها پێشکەشکردنی ئەنجامی ڕاپرسییەکی بازاڕی کاری لەخۆگرتبوو کە تیشکی خستبووە سەر پێداویستییەکانی ئێستا و داهاتووی بازاڕی کار و گرنگی هاوتەریبکردنی بەرنامە پەروەردەییەکان لەگەڵ پێداویستییەکانی ئابووری سەوزو دیجیتاڵی.  
لەم وۆرکشۆپەدا تاوتوێی ڕەشنووسی پلانەکانی جێبەجێکردنی تایبەت کرا بەو پەیمانگە، کۆلێجە تەکنیکی و ئامادەییە پیشەیییانەی کە دەستنیشانکراون، بە شێوازێک کە پشت بە سیاسەتی تێکەڵکردنی کارامەیییە سەوز و دیجیتاڵییەکان ببەستێت.


پرۆفیسۆر د.هوشیارعبداللە عزیز جەختی لەوە کردەوە کە پەرەپێدانی کارامەیی سەوز و دیجیتاڵی پایەیەکی بنەڕەتییە بۆ بەرزکردنەوەی کوالیتی خوێندنی تەکنیکی و بەرزکردنەوەی ئامادەیی دەرچووان بۆ بازاڕی کار. هەروەها ئاماژەیکرد بە گرنگی نوێکردنەوەی پرۆگرامەکانی خوێندن و پەرەپێدانی تواناکانی ستافی ئەکادیمی و بەهێزکردنی هاوبەشی لەگەڵ کەرتی تایبەت بۆ بەدەستهێنانی پەروەردەی تەکنیکی کە زیاتر هاوتەریب بێت لەگەڵ پێداویستییەکانی گەشەپێدان.


هەر لە وۆرکشۆپەکەدا (پ.ی.د. ئاودێر محمد ئەحمەد) جەختیکردەوە لە گرنگی بەهێزکردنی هاوکاری نێوان زانکۆکان و وەزارەتەکان و هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان بۆ دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی کاریگەرانەی سیاسەت و پلانی کارکردن و گەیشتن بە کاریگەرییەکی بەردەوام لە پەرەپێدانی پەروەردە و ڕاهێنانی تەکنیکی و پیشەییدا.
هەروەها ئاماژەی بە گرنگی وەرگرتنی ڕاوبۆچونەکانی خوێندکاران و دەرچوانی زانکۆکان کردەوە لە داڕشتنی ئامانجە سەرەکییەکانی پڕۆژەکەدا.

زیاتر ببینە
Back to top button