کاروباری خوێندکارانهەواڵ و چالاکیهەواڵی سەرەکی

خوێندکارانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی لە شەش زانکۆی سێ وڵاتی عەرەبی بەشداری مەشق و ڕاهێنانی نێودەوڵەتی دەکەن

ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٣٠ی تەمموزی ٢٠٢٦، بە چاودێری پ.د. هوشیار عبدالله عزیز، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی، و بە ئامادەبوونی پ.ی.د. بەختیار عبید شریف، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری خوێندکاران، و پ.ی.د. ڕێباز جلیل عبدالله، بەڕێوەبەری تۆماری گشتی زانکۆ، کۆبوونەوەیەکی تایبەت لەگەڵ ژمارەیەک لە خوێندکارانی زانکۆ بەڕێوەچوو، کە بۆ بەشداریکردن لە بەرنامەی مەشق و ڕاهێنانی هاوینەی نێودەوڵەتی هەڵبژێردراون.

ئەم کۆبوونەوەیە بە مەبەستی ماڵئاوایی کردنی خوێندکاران، پێشکەشکردنی ڕێنمایی و ئامۆژگارییە پەیوەندیدارەکان، و جەختکردنەوە لەسەر گرنگی نوێنەرایەتی شایستەی زانکۆ لە دەرەوەی وڵات ئەنجامدرا. سەرۆکایەتی زانکۆ هانی خوێندکارانی دا کە لە ماوەی مەشق و ڕاهێناندا سوودێکی زانستی و پیشەیی باش وەربگرن و بە باشترین شێوە وێنەی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و هەرێمی کوردستان پیشان بدەن.

شایانی باسە، ئەمساڵ زیاتر لە ٣٠ خوێندکاری زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی بۆ بەشداریکردن لە بەرنامەی مەشق و ڕاهێنانی هاوینە هەڵبژێردراون و لە شەش زانکۆی ناوداری وڵاتانی ئەردەن، سەڵتەنەتی عومان و میسر، کە بریتین لە: زانکۆی الأردنية، زانکۆی الزيتونة، زانکۆی البريمي، زانکۆی مصر للعلوم والتكنولوجيا، زانکۆی الفيوم و زانکۆی المنوفية الأهلية، مەشق و ڕاهێنانیان ئەنجام دەدەن.

ئەم بەرنامەیە لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی بۆ فراوانکردنی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان، گەشەپێدانی توانا و لێهاتوویی خوێندکاران، و پەیوەندیکردنیان بە ژینگەی ئەکادیمی و کاری نێودەوڵەتی دێتە ئەژمار.

زیاتر ببینە
Back to top button