هاوپۆلنه‌كراو

زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی میوانداری کۆبوونەوەی لیژنەی داڕشتنەوەی ڕێنماییەکانی سیستەمی خوێندنی پۆلیتەکنیک بوو

لە چوارچێوەی هەوڵە هاوبەشەکان بۆ پەرەپێدانی سیستەمی خوێندنی پۆلیتەکنیک و یەکخستنی ڕێنماییە ئەکادیمییەکان، زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی میوانداری نوێنەرانی زانکۆکانی پۆلیتەکنیکی هەولێر، پۆلیتەکنیکی دهۆک، پۆلیتەکنیکی گەرمیان و زانکۆی ئاکرێ بۆ زانستە کردارییەکانی کرد.


ئەم کۆبوونەوەیە بە سەرۆکایەتی پ.د. هوشیار عبدالله عزیز، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی، و بە بەشداری یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆکان بۆ کاروباری خوێندکاران، بەڕێوەبەری ناوەندی وەرگرتن، بەڕێوەبەرانی تۆماری گشتی، لیژنەی داڕشتنەوەی ڕێنماییەکانی سیستەمی خوێندنی پۆلیتەکنیک بەڕێوەچوو.


لە ماوەی کۆبوونەوەکەدا، باس و گفتوگۆ لەسەر نوێکردنەوە و داڕشتنی ڕێنماییەکانی سیستەمی خوێندنی پۆلیتەکنیک کرا، بە مەبەستی یەکگرتنی میکانیزمەکانی جێبەجێکردن، بەرزکردنەوەی کوالێتی پڕۆسەی وەرگرتن و دڵنیابوون لە هاوتایی لە نێوان هەموو زانکۆ پۆلیتەکنیکییەکانی هەرێمی کوردستان.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، ئامادەبووان جەختیان لەسەر بەردەوامبوونی هاوکاری و هەماهەنگی نێوان زانکۆ پۆلیتەکنیکییەکان کردەوە، بۆ ئەوەی ڕێنماییە نوێیەکان بە شێوەیەکی یەکگرتوو و بە گوێرەی پێداویستییە زانستی و کارگێڕییەکان جێبەجێ بکرێن.

زیاتر ببینە
Back to top button