ئەکادیمیای تۆڕەکانی سیسکۆ (CISCO)

ئەکادیمیای تۆڕەکانی سیسکۆ (Cisco Networking Academy) لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی / کەمپی چوارچرا لە ساڵی ٢٠٢٤ دامەزراوە، بە پاڵپشتی دارایی وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. کۆی گشتی بودجەی سێ ئەکادیمیای دامەزراو لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی، زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و زانکۆی پۆلیتەکنیکی دهۆک، ١,٤٠٠,٠٠٠ دۆلاری ئەمریکی بووە. ئەم گرانتەش لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی، دوای سێ ساڵ هەوڵ و کارکردنی بەردەوام، بەدەستهاتووە.
ئەکادیمیاکە چەندین تاقیگەی تایبەتی بۆ CCNA و CCNP لەخۆدەگرێت، کە هەموویان بە نوێترین تەکنەلۆژیا و ئامێرە مۆدێرنەکان ئامادە کراون. ئەمەش دەرفەت دەڕەخسێنێت بۆ خوێندکاران تاکو شارەزایی و ئەزموونی پراکتیکی پێشکەوتوو بەدەستبهێنن و هاوتای نوێترین پێشکەوتنەکان لە بواری تۆڕەکانی کۆمپیوتەر و ئاسایشی سایبەری بن.

ئامانجی دامەزراندنی ئەم ئەکادیمیایە دابینکردنی فێرکاری و توانا سەرەتایی و پێشکەوتووەکانە لە بواری تۆڕی کۆمپیوتەر بۆ خوێندکارانی ئێستا، گەنجان، و فەرمانبەرانی هەردوو کەرتی گشتی و تایبەت لە سەرانسەری عێراق. ئەم بووارە یەکێکە لە زۆرترین پسپۆڕییە داواکراوەکان لە بازاڕی کار لە هەرێمی کوردستان، عێراق، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپا.
چاوەڕوان دەکرێت دەرچووانی ئەم ئەکادیمیایە شایستەیی و لێهاتوویی پێویست بەدەستبهێنن بۆ هاوشانبوون لە بازاڕی کار لە هەرێمی کوردستان و عێراق، هەروەها سوود لە دەرفەتەکانی کاری دوورەوە (Remote Work) لەگەڵ دامەزراوە و کۆمپانیاکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئەورووپا وەربگرن.


ناونیشان: هەرێمی کوردستانی عێراق/ پارێزگای سڵیمانی/چوارچرا/ کەمپی کۆلێجە تەکنیکییەکانی زانکۆ/ بینای کۆلێجی ئەندازیاری

Back to top button