Back

ڕێفۆرم لە خوێندنى تەکنیکى دەکرێ

د.یوسف گۆران: خوێندنى تەکنیکى و پیشەیى یەکێکە لە کارە پێشینە گەورەکانى حکومەت و وەزارەتى خوێندنى باڵا د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: خوێندنى تەکنیکى یەکێکە لە کارە پێشینە هەرە گەورەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان، چونکە خوێندنى تەکنیکى تەنها تایبەت نیە بە هەرێمى کوردستان، بەڵکو بۆتە بابەتێکى جیهانی و، وڵاتان بۆ پیشخستنى بارى ئابورییان بایەخى زۆر بەخوێندنى تەکنیکى و پیشەیى دەدەن. ئەو ڕاگەیاندنەى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەمڕۆ دوشەممە، ڕێکەوتى (١٧/٧/٢٠١٧)  لەمیانەى سەرپەرشتیکردنى کۆبونەوەیەکى زانکۆ پۆلیتەکنیکیەکانى هەرێمى کوردستان هات، لەو کۆبونەوەیەدا، کە بەئامادەبونى د. ئامانج سەعیر ڕاوێژکارى وەزیرى خوێنددنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، د. محمد سابر بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى خوێندن و پلاندانان و بەدواداچون و، د.داود ئەتروشى بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى ئەندازە و پڕۆژەکان لە هۆڵى کۆبونەوەکانى سەرۆکایەتى زانکۆى پۆلیتەکینکى هەولێر بەڕێوەچو، گفتوگۆ لەبارەى ڕێفۆرمى خوێندنى تەکنیکى لە کوردستان کرا. لەسەرەتای کۆبونەوەکەدا، د.کاوە شێروانى سەرۆکى زانکۆى پۆلیتەکنیکى هەولێر دواى ئەوەى بەناوى هەرسێ زانکۆ پۆلیتەکنیکە بەخێرهێنانى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، وەفدى هاوڕێى ئامانجى کۆبونەوەکەى خستەڕو وتى: وەک هەرسێ زانکۆ پۆلیتەکنیەکانى (هەولێر، سلێمانى ودهۆک) لەسەر ڕاسپاردەى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پڕۆژەیەک بۆ ڕیفۆرمکردن لە خوێندنى تەکنیکى لە هەرێمى کوردستان ئامادەدەکەین. پاشان، د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتەیەکى پێشکەشکرد، لەسەرەتایى وتەکەیدا باسى لە گرنگى خوێندنى تەکنیکى کرد و لەوبارەیەوە وتى: “هەموتان ئەزانن خوێندنى تەکنیکى یەکێکە لە ئەولەویاتە هەرە گەورەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان، چونکە خوێندنى تەکنیکى تەنها تایبەت نیە بەهەرێمى کوردستان، بەڵکو مەسەلەیەکى جیهانیە و، وڵاتان بۆ پێشخستنى بارى ئابورییان بایەخى زۆر بەخوێندنى تەکنیکى دەدەن”، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕونیکردەوە، کە وڵاتە تازە پێشگەیشتوەکاندا ئاڕاستەیەکى گشتى هەیە بۆ ئەوەى کەرتى خوێندنى باڵا بەرەو ئاراستەیەک بەرن کە کادر بۆ ئەو پیشانە ئامادە بکەن کە لە چەند ساڵى داهاتودا سەرهەڵدەدەن، د.یوسف گۆران ڕاشیگەیاند: یەکێک لە کێشەکانى ئێستاى خوێندنى باڵا لە کوردستان ئەوەیە، کە زۆربەى ئەوانەى ڕو لە خوێندنى باڵا دەکەن داواى دامەزراندن دەکەن و، ساڵانەش نزیکەى (٤٠) هەزار خوێندکار لە کوردستان زانکۆ تەواو دەکەن، بەڵام دەرفەتى دامەزراندنیش لە کەرتى گشتى بەراورد بەژمارەى دەرچوان زۆر کەمە، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هۆکارى ئەوەشى ئاشکراکرد و وتى: لە ڕابڕدودا ئاڕاستەى کارکردنى زانکۆکان لە کوردستان زیاتر بەرەو دروستکردنى فەرمانبەر بوە بۆ حکومەت، بەڵام ئێستا ئەو چەمک و تێگەیشتنە لە جیهان و لەلاى حکومەتى هەرێمیش گۆڕاوە، هەروەک سەرهەڵدانى قەیرانى دارایش کاریگەرى زۆرى لەسەر گۆڕینى ئەو دیدە هەبوە، بۆیە ئێستا ئێمە نامانەوێ زانکۆ تەنها بڕوانامە بدات و فەرمانبەر بۆ کەرتى گشتى پێ بگەێنێ، بەڵکو دەمانەوێ زانکۆ سکێڵ و کارامەیى بۆ خوێندکارانى زانکۆ دروست بکەن، تا دواى تەواوکردنى زانکۆ ئەو دەرچوانە بتوانن دەرفەتى کار بۆ خەڵکى دیکە بڕخسێنن. هەر لە درێژەى وتەکانیدا، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: زانکۆ پۆلیتەکنیکەکان ئێستا دەتوانن سەرکردایەتى ئەو دیدگایە بکەن و، کادیرى ناوەندى بۆ بازارى کارى کوردستان دروست بکەن و خوێندکارى کارامە بۆ بازارى کار پێ بگەێنن، وتیشى هەرچەندە تا ئێستا فەلسەفەى دروستکردنى زانکۆ پۆلیتەکنیکیەکان جێگەى خۆى نەگرتوە، بەڵام دواى پێنچ ساڵ لە دروستکردنى زانکۆ پۆلیتەکنیکیەکان کاتى ئەوە هاتوە هەڵسەنگاندنى خۆمان بۆ ئەو زانکۆیانە بکەن و، هەوڵ بدەین خاڵە لاوازەکان دەستنیشان بکەین و کار بۆ جیبەجێکردنى پەیامە ڕاستەقینەی دروستبونى زانکۆ پۆلیتەکنیکیەکان بکەین، بەشێوەیەک بتوانن کادرى ناوەندى بۆ سەرجەم سێکتەرەکانى کارکردنى کوردستان دروست بکەن. هەر لەو کۆبونەوەیەدا، د.یوسف گۆران وتى: دواى ئەم کۆبونەوەیە و هەڵسەنگاندنى پێشنیاز و ڕاسپاردەکان دەبێ لە ساڵى داهاوەو دەست بەکارەکانمان بکەین و، زانکۆ پۆلیتەکنیکیەکان بەتەواوەتى خۆیان تەرخان بکەن بۆ پێگەیاندنى کادیرى ناوەندى، چونکە بازارى کارى کوردستان پێویستى زۆرى بەو جۆرە کادرانەیە، ڕاشیگەیاند: گرنگى ئەم زانکۆیانە لەوەدایە کە پەیامێکى جیاوازیان لە زانکۆ ئەکادیمیەکان هەبێ و، نابێ بەهەمان پێوەرى ئەو زانکۆیانە کاربکەن. لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا، لەلایەن د.ئالان فەریدون سەرۆکى زانکۆى پۆلیتەکنیکى سلێمانى و، د. عەدنان محسن سەرۆکى زانکۆى پۆلیتەکنیکى دهۆک و، د.کاوە شێروانى سەرۆکى زانکۆى پۆلیتەکنیکى هەولێر بەجیا باسیان لە وردەکارى کێشە کارگێڕى و زانستی و داراییەکانى زانکۆ پۆلیتەکنیکیەکان کرد، هەروەک چەندین پێشنیاز و ڕێگەچارەیان خستەڕو بۆ چارەسەرکردنى کێشەکان و، پێشخستنى زانکۆکانیان بەشێوەیەک بتوانن کادیرى ناوەندى و کارامە بۆ بازارى کارى کوردستان لەسەرجەم سێکتەرەکان ئامادە بکەن و، لەهەمان کاتدا بتوانن ناوەندێکى گرنگ بۆ جێبەجێکردنى کارە لە پێشینەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان. لە کۆتایى کۆبونەوەکەدا، د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕوو لەسەرۆکى زانکۆکان وتى: ئەوە سەرەتایەکى گرنگە وسەرەتاش دەبێ بزانین لە کوێین، پاشان دەبێ پارتنەرى نێودەوڵەتى  بەناوبانگ بدۆزنەوە بۆ جێبەجێکردنى ئەو ڕێفۆرمەى کە دەستان پێکردوە، هەروەک دەبێ کەسێک دەستنیشان بۆ سەرپەرشتیکردنى پڕۆسەکە دەستنیشان بکەن لەگەڵ دیاریکردنى ماوەى دەستپێکردن و جێبەجێکردنى پڕۆژەکەدا، هەروەک سەرۆکى زانکۆکانى ڕاسپارد، پێشنیاز و پڕۆژەکانیان یەکبخەن و، بۆ وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەرزبکەنەوە بۆ ئەوەى بڕیارى لەسەربدەن.
This shortcode LP Profile only use on the page Profile