Back

شەش گۆڤاری زانستی زانکۆکانی کوردستان لە نێو گۆڤارە جیهانییەکاندا تۆمارکراون

بە چاودێری د. ئارام محمد قادر وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی و بە ئامادەبونی سەرۆکی زانکۆ حکومی و تایبەتەکان، یاریدەدەرانی سەرۆک زانکۆکان، ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرانی گشتی و مامۆستایان، ڕێکەوتی ( ٢٣ / حوزەیران / ٢٠٢٦ ) لە شاری هەولێر مەراسیمی هەڵسەنگاندن و پەرەپێدانی گۆڤارە زانستییەکانی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو.
کە تیایدا بە نوێنەرایەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی
پ.ی.د. سەرهەنگ سەروەت حەمە یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا ئامادەی مەراسیمەکە بوو .
لە سەرەتای مەراسیمەکەدا وتاری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی پێشکەشکرا .
د.ئارام محمد لە وتارەکەیدا سەرکەوتنێکی نوێی زانکۆکانی هەرێمی کوردستانی لە بواری ئەکادیمیدا ڕاگەیاندو ئاشکرایکرد کە شەش گۆڤاری زانستیی زانکۆکانی کوردستان لە ئاستی نێودەوڵەتیداو لەناو گۆڤارە جیهانییەکاندا تۆمارکراون، ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەم دەستکەوتە مایەی شانازییە بۆ هەرێمی کوردستان و بەڵگەیە لەسەر پێشکەوتنی کوالێتیی توێژینەوە زانستییەکان.
هەروەها هانی سەرجەم زانکۆکانیدا هەوڵبدەن بۆ بەدەستهێنانی متمانەی زیاتری نێودەوڵەتی و کرانەوە بەروی دونیای پێشکەوتوودا.
پاشان ناوی ئەو گۆڤارانەی ئاشکرا کرد کە سەرکەوتوو بوون لە بەدەستهێنانی ئەم متمانە جیهانییەدا کە بریتی بوون لە : –
گۆڤاری زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی
گۆڤاری ئارۆ (زانکۆی کۆیە)
گۆڤاری زانکۆی سەلاحەدین – هەولێر
گۆڤاری پاسار (زانکۆی گەرمیان)
گۆڤاری زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر
گۆڤاری کۆلێجی پزیشکی ددان (زانکۆی هەولێری پزیشکی)
لە کۆتایی وتارەکەشیدا بەڕێز وەزیری خوێندنی باڵا پاڵپشتی و پشتیوانی وەزارەتی بۆ سەرجەم زانکۆکان دووپاتکردەوە.
پاشان د. ژاڵە سەعید خەتات بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی توێژینەوەو پەرەپێدان ئاماژەی بە گۆڤارە زانستییەکانی زانکۆکان کرد و دوپاتیکردەوە 46 گۆڤار لە زانکۆکانی کوردستان هەڵسەنگاندنی پێویستی بۆ کراوە، کە ٢٣ گۆڤار زانستین و ٢٣ گۆڤاریش مرۆڤایەتین.
هەر لە ڕێورەسمەکەدا چەند پانێڵ و گفتۆگۆی زانستی بەڕێوەچوو سەبارەت بە گرنگی و پێویستی پێشخستنی ئاستی گۆڤاری زانکۆکان و کرانەوەیان بەڕووی دونیای پێشکەوتوودا .