
لیژنەیەکی تایبەت پرۆسەی چاوپێکەتنی بۆ پێشکەش کارانی پرۆگرامی پێنجەمین لوتکەی خوێندکارانی دەریای ناوەڕاست (MSS-2026) لە وڵاتی ئیتاڵیا ئەنجام دا
پاش ڕاگەیاندنی هەلی بەشداریکردنی خوێندکارانی زانکۆ لە بەرواری(١٩ / ٤ / ٢٠٢٦) لەسەر وێبسایتی فەرمی زانکۆ و سەرجەم پەیجە فەرمیەکانی کۆلێج و پەیمانگەکان لە ڕێگای لینکی (https://spu.edu.iq/ku/?p=63080) بۆ بەشداریکردن لە پێنجەمین لوتکەی خوێندکارانی دەریای ناوەڕاست (MSS 2026) لە وڵاتی ئیتاڵیا کە یەکێکە لە پرۆژەکانی بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی، زیاتر لە ٢٥ خوێندکار لە کۆلێج و پەیمانگەکانی سەر بە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی فۆرمی بەشداریکرنیان پڕکردەوە.
سەرۆکایەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی بەمەبەستی فەراهەمکردنی هەلی یەکسان لەنێوان پێشکەشکاران و چەسپاندنی شەفافیەت لە پرۆسەری دەستنیشانکردنی باشترین کاندیدەکاندا، لیژنەیەکی پسپۆری لەسەر ئاستی سەرۆکایەتی زانکۆ پێکهێنا بە سەرۆکایەتی پ.ی.د. بەختیار عبید شریف –یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری خوێندکاران و، ئەندامێتی پ.ی.د. ئاودێر محمد أحمد – بەڕێوەبەری پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکانی زانکۆو، پ.ی.د. هۆگر محمد توفیق– بەڕێوەبەری سەنتەری زمانی نێودەوڵەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی.
لیژنەی ناوبراو پاش وردبینیکردن لە دۆسیەی سەرجەم پێشکەشکاران، دەستیکرد بە ئەنجامدانی چاوێکەوتنی زارەکی لە گەڵ پێشکەش کاراندا، کە کۆمەڵێک پرسیاریان بە پێی ستانداردی پرۆگرامەکە ئاڕستەی پێشکەشکاران کردو، دواتر پێنج لەباشترین پێشکەشکارانیان دەستنیشانکرد وەک کاندیدانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی، کە دواترناوەکانیان و سەرجەم ئەو دۆکیومێنتانەی کە پێشکەشیانکردبوو ئاڕاستەی لیژنەی هەڵسەنگادنی کۆتایی لە وڵاتی ئیتاڵیا کرا. کە لیژنەی بەڕێوەبەران و ڕێکخەری پرۆگرامەکە هەڵدەسێت بە دیاریکردن و هەڵبژاردنی باشترین کاندید.
سەرۆکایەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی وێڕای دەستخۆشی لە لیژنەی دیاریکردنی کاندیدان ، هیوای سەرکەوتن بۆ سەرجەم بەشداربووان دەخوازێت و لەهەوڵی بەردەوامدایە بۆ ڕەخساندنی هەلی زیاتری هاوشێوە بۆ خوێندکارانی زانکۆمان.
