سەنتەری پەرەپێدانی کار (CDC) لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی پردێکی بەهێزە لە نێوان سێکتەری ئەکادیمی و بازاڕی کاردا. ئەم سەنتەرە بە چاودێری و سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی پ.د.هوشیار عبداللە عزیز سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانییەو، لە چوارچێوەی گرنگیدانی بەردەوامی زانکۆدایە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندی نێوان زانکۆ و دام و دەزگاکان و کەرتی تایبەت.
سەنتەری پەرەپێدانی کار (CDC) بەردەوامە لە ئەنجامدانی چالاکی و بەدیهێنانی دەستکەوتی نوێ هەروەها توانیویەتی وەک ناوەندێکی کاریگەر لەنێو بازاڕی کاردا پێگەی خۆی جێگیر بکات. سەنتەرەکە بە دیدگایەکی فراوانەوە کاردەکات بۆ دۆزینەوەی هەلی کار بۆ دەرچووان و بەستنەوەی توانا ئەکادیمییەکان بە پێداویستییەکانی بازاڕەوە، ئەمەش لە ڕێگەی دروستکردنی پەیوەندی بەهێز لەگەڵ کۆمپانیاکان و دامەزراوە پیشەییەکان.
هەوڵەکانی سەرۆکی زانکۆ و تیمەکانی سەنتەری پەرەپێدانی کار، وەک هەنگاوێکی ستراتیژی دەبینرێت بۆ کەمکردنەوەی جیاوازی نێوان خوێندنی تیۆری و پراکتیکی بە ئامانجی ئەوەی دەرچووانی زانکۆمان بە توانا و شارەزایی تەواوەوە ڕوو لە بازاڕی کار بکەن و ببنە جێگەی متمانە لە کەرتی تایبەتدا .
ئەمڕۆش ڕێکەوتی ( ١٨ / حوزەیران / ٢٠٢٦) لە مەراسیمێکی تایبەتدا (نەوزاد غەفور ڕەباتی) سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ڕێزلێنانی بەخشییە مامۆستا (ئەیوب کەریم) بەڕێوەبەری سەنتەری پەرەپێدانی کار CDC، وەک سوپاس و پێزانینێک بۆ ئەو هاوکاری و پاڵپشتی و هەماهەنگییە بەردەوامەی کە ناوبراو لە ماوەی ڕابردوودا پێشکەشی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی کردووە، بەتایبەت لە ڕێکخستن و وتنەوەی خولی تایبەتە بە پەرەپێدانی تواناکان بۆ کارمەندانی ژووری بازرگانی، هاوکات ڕێزلێنیش بەخشرایە د.سەرخێڵ سیروان – ستافی سەنتەری پەرەپێدانی کار لەبەرامبەر بەشداریکردنی لە وۆرکشۆپێکی تایبەت بە ژووری بازرگانی.
هەروەها سەرۆکی ژووری بازرگانی سوپاس و دەستخۆشی خۆی ئاراستەی سەرۆکایەتی و مامۆستایانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی کرد، کە هەمیشە وەک ناوەندێکی زانستیی گرنگ، هاوکار و پشتیوانی پرسە ئابووری و بازرگانییەکانی ناوچەکە بوون.
سەرۆکی ژووری بازرگانی هیواشی خواست ئەم هەماهەنگییە لەگەڵ زانکۆدا بەردەوام بێت و، جەختی لە گرنگی ڕۆڵی زانکۆ کردەوە لە پێگەیاندنی کادری لێهاتوو و بۆ ناو بازاڕی کار، بە شێوازێک کە بتوانن پێداویستی و خواستە نوێیەکانی بازاڕی کوردستان و عیراق و تەنانەت نێودەوڵەتیش پڕبکەنەوە.


