
ئەنجومەنی عەرەبی بۆ ڕاهێنان و داهێنانی خوێندکاران پلانی مەشقی هاوینەی خوێندکارانی لە نێوان زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و زانکۆی میسڕ بۆ زانست و تەکنەلۆجیا پەسەند کرد
بە ئامادەبوونی جێگری بەڕێوەبەری ئەنجومەنی عەرەبی بۆ ڕاهێنان و داهێنانی خوێندکاران و نوێنەرانی زانکۆ و دامەزراوە ئەکادیمییە بەشداربووەکان لە ئەنجومەنەکەدا، ڕێکەوتی ( ١٠ / حوزەیران / ٢٠٢٦ ) کۆبوونەوەی ئەنجومەن بە شێوەی ئۆنلاین بەڕێوەچوو.
لە کۆبوونەوەکەدا نوێنەرانی ( زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی، زانکۆی سەڵاحەدین، زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، زانکۆی پۆلیتەکنیکی دهۆک، زانکۆی ئاکرێ بۆ زانستە کردارییەکان، زانکۆی دهۆک و پەیمانگەی ناشناڵ بۆ تەکنەلۆجیا ) لە هەرێمی کوردستان، لەگەڵ نوێنەرانی زانکۆی میسڕ بۆ زانست و تەکنەلۆجیا لە کۆماری عەرەبی میسڕ، بەشدارییان کرد.
زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی لەم کۆبوونەوەیەدا لەلایەن پ.ی.د بەختیار عبید شریف، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری خوێندکاران و ئەندامی ئەنجومەنی تەنفیزی ئەنجومەنی عەرەبی بۆ ڕاهێنان و داهێنانی خوێندکاران نوێنەرایەتی کرا.
لە ماوەی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆو لێکۆڵینەوەی فراوان کرا لەسەر چەندین بابەتی پەیوەندیدار بە پەرەپێدانی هاوکارییە ئەکادیمییەکان، گەشەپێدانی بەرنامەکانی ئاڵوگۆڕی خوێندکاران و بەهێزکردنی پەیوەندییە زانستییەکان لە نێوان دامەزراوەکانی خوێندنی باڵادا.
ئەندامانی ئەنجومەن پلانی مەشقی (هاوینەی خوێندکاران)یان لە نێوان زانکۆ و دامەزراوە بەشداربووەکان پەسەند کردو، بڕیاردرا لە مانگی ئابی ساڵی ٢٠٢٦ دەست بە جێبەجێکردنی بکرێت.
ئەم بەرنامەیە هەنگاوێکی گرنگە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە ئەکادیمییەکان، گواستنەوەی ئەزموون و زانیاری و، فراوانکردنی دەرفەتەکانی ڕاهێنان و فێربوونی کرداری بۆ خوێندکاران، هەروەها پشتگیری لە دروستکردنی تۆڕێکی هاوکاریی زانستی و ئەکادیمی لە نێوان دامەزراوەکانی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان و کۆماری عەرەبی میسڕ دەکات.

