Back

بەڕێوەبەری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی بۆ یەکەمجار لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق پانێڵێکی زانستی لە کۆنفرانسی (NAFSA-2026) پێشکەشکرد

لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی بۆ بەنێودەوڵەتیکردنی زانکۆ و فەراهەمکردنی دەرفەتی ئاڵوگۆڕی زانستی بۆ خوێندکاران و مامۆستایان، پ.ی.د.ئاودێرمحمد احمد بەڕێوەبەری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی زانکۆ، لەگەڵ کۆمەڵێک لە هاوپیشەکانی لە کۆنفرانسی جیهانی ناسراو بە (NAFSA-2026) لە شاری ئۆرلاندۆ لە ولایەتی کالیفۆرنیا، پانێڵێکی زانستی بەناونیشانی (Internationalization in the MENA Region: Policies, Practices, and Pathways Forward) پێشکەشکرد.

پەنێڵێکە تایبەت بوو بە لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو پێشهاتە نوێیانەی پەیوەستن بەدید و بۆچوونی بە نێودەوڵەتیکردنی زانکۆکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەوانە ستراتیژییەکانی دامەزراوەیی، ئەولەویەتەکانی ناوچەیی، ڕۆڵی گەشەسەندنی AI لە خوێندنی باڵادا، دۆزینەوەی ستراتجی نوێی کارکردن لەگەڵ زانکۆ جیهانیەکاندا.

لە پانێڵەکەدا، د.ئاودێر محمد بە وردی تیشکی خستە سەر کاریگەرە ئەرێنی و نەرێنییەکانی (AI) لەسەر ستراتجی و شێوەی کارکردنی ئۆفیسە نێودەوڵەتییەکان لە زانکۆکاندا، هەرەوەها چەند نموونەیەکی خستەڕوو، وەک بەکارهێنانی ئامڕازەکانی زیرەکی دەستکرد لە پەرەپێدان و زیاترکردنی هەلی خوێندن و ئاڵوگۆڕی زانستی لە نێوان خوێندکاراندا.

جێگای ئاماژەیە کە تەنها لە ٣٠٪ ی ئەو پرۆپۆسڵانەی پێشکەش دەکرێن وەردەگیرێن، کە خۆشبەختانە ئەم پانێڵە یەک بوو لە پرۆژە پەسەندکراوەکان، کە لەبەر گرنگی بابەتەکە ژمارەیەکی زۆر ئامادەی پانێڵەکە بوون.

شایانی باسە کۆنفرانسی (NAFSA) بەیەکێک لە گەورەترین کۆنفرانسە جیهانیەکان دادەنرێت، کە بۆ ئەمساڵ زیاتر لە ٨٠٠٠ کەس لە زیاتر لە ١١٠ وڵاتی جیهانەوە ئامادەی کۆنفرانسەکە بوون، کە کارگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ئاییندە و نەخشەڕێگای خوێندنی باڵا و فێرکردن دەبێت.