
زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی ئیڤێنتێكی بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی ١٥٠ هه‌لی كار بۆ خوێندكاران رێكخست
له ڕوانگه‌ی هه‌ستكردن به به‌رپرسیارێتی به‌رامبه‌ر خوێندكاران و، وه‌ك نه‌ریتێكی هه‌میشه‌یی و به‌ئامانجی ده‌سته‌به‌ركردنی هه‌لی كار بۆ خوێندكاران، زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی به سپۆنسه‌ری كۆمپانیای هواوی ئیڤێنتێكی هه‌لی كاری به‌ناونیشانی ( به‌یه‌كگه‌یاندنی به‌هره ته‌كنه‌لۆژییه‌كان) ڕێكخست.
ڕۆژی (١٨ / ئایار / ٢٠٢٦)، به چاودێری ڕاسته‌وخۆی ( د. ئارام محمد قادر – وەزیری خوێندنی باڵا‌و توێژینەوەی زانستی)و بەسەرپەرشتی (پرۆفیسۆر د.هوشیار عبدالله عزیز – سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی)و، بەئامادەبوونی یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ‌و جێگری پارێزگاری سلێمانی و ژماره‌یه‌ك له سه‌رۆكی زانكۆ و په‌یمانگه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و مامۆستایان و خوێندكاران و ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن و میوانان، له هۆڵی نالی له سه‌رۆكایه‌تی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی، ئیڤێنتێكی هه‌لی كار به‌ناونیشانی ( به‌یه‌كگه‌یاندنی به‌هره ته‌كنه‌لۆژییه‌كان) به‌ڕێوه‌چوو، كه ئامانجی سه‌ره‌كی ئیڤێنته‌كه پشتیوانیكردن بوو له خوێندكاران و ده‌رچووان و دروستكردنی په‌یوه‌ندییه‌كی ڕاسته‌وخۆ له نێوان به‌هره‌ی گه‌نجان و بازاڕی كاردا، له ئیڤێنته‌كه‌دا ١٧ كۆمپانیای ته‌كنه‌لۆژی به‌شداربوون له‌پێناو ده‌ستبه‌ركردنی زیاتر له ١٥٠ هه‌لی كار بۆ خوێندكاران.
سه‌ره‌تای چالاكییه‌كه به ساتێك وه‌ستان بۆ گیانی پاكی شه‌هیدان ده‌ستپێكرد و، پاشان وتاری هاوبه‌شی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی و كۆمپانیای هواوی له‌لایه‌ن (پ.ی.د.به‌ختیار عوبێد شه‌ریف – یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی زانكۆ بۆ كاروباری خوێندكاران و سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئاماده‌كاری ئیڤێنته‌كه)پێشكه‌شكرا و ڕایگه‌یاند: كه ئه‌مه ته‌نها ئیڤێنتێکی ئاسایی نییه، به‌ڵكو ده‌رفه‌تێكه بۆئه‌وه‌ی گه‌نجان و خوێندكارانمان بتوانن تواناكانی خۆیان بناسێنن و په‌یوه‌ندییه‌كی پیشه‌یی دروست بكه‌ن و ببێته هه‌نگاوی یه‌كه‌م بۆ دروستكردنی ئاینده‌ی كاری خۆیان، هه‌روه‌ها وتیشی: ئه‌ركی ئێمه‌یه وه‌ك ناوه‌ندێكی ئه‌كادیمیی ژینگه‌یه‌كی گونجاو بۆ گه‌شه‌پێدان و پشتگیریی بۆ خوێندكاران و ده‌رچووان دابین بكه‌ین، هه‌ربۆیه ئه‌م جۆره چالاكییانه ده‌بنه هۆی به‌هێزكردنی متمانه به‌خۆبوون و فراوانكردنی ئاسۆی بیركردنه‌وه و زیادكردنی ده‌رفه‌ته‌كانی دامه‌زراندن.
پ.ی.د.به‌ختیار عوبێد شه‌ریف ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی هه‌میشه هه‌وڵیداوه به فێركردنێكی پراكتیكی نوێ و دروستكردنی هاوبه‌شیی له‌گه‌ڵ كه‌رتی تایبه‌ت و كۆمپانیا جیهانییه‌كان، تا ڕۆڵێكی كارا ببینێت له نزیككردنه‌وه‌ی خوێندكاران له واقیعی بازاڕی كار، له كۆتایی وتاره‌كه‌یدا سوپاسی كۆمپانیای هواوی و هه‌موو كۆمپانیا و لایه‌نه به‌شداربووه‌كانی ئیڤێنته‌كه‌ی كرد كه به به‌شدارییان پشتگیریی گه‌نجان و خوێندكاران ده‌كه‌ن.
پاشان (د.جمال احمد – به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی پۆسته و گه‌یاندن) وتاری وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه و گه‌یاندنی پێشكه‌شكرد و وتی خۆم به خۆشحاڵ ده‌زانم كه ئه‌مڕۆ له زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی ئاماده‌م، ئه‌و زانكۆیه‌ی بۆته چه‌تری كۆكردنه‌وه‌ی كه‌رتی تایبه‌ت و كۆمپانیاكان له‌پێناو ده‌سته‌به‌ركردنی هه‌لی كار بۆ خوێندكاران.
دواتر (ئارام محمد قادر – وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی) سوپاسی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی و كۆمپانیای هواوی كرد بۆ ڕه‌خساندنی ئه‌م چالاكییه و ده‌ستبه‌ركردنی هه‌لی كار بۆ خوێندكاران و ده‌رچووان، ڕاشیگەیاند:
پێویسته زانكۆكان هاوشێوه‌ی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی ڕێككه‌وتن و كاری زیاتر بكه‌ن له‌گه‌ڵ كۆمپانیا و دامه‌زراوه تایبه‌ته‌كاندا به‌تایبه‌ت له‌م كاته‌ی ئێستادا وه ستراتیژی نوێ دابڕێژن و ئاستێكی باش پێشكه‌ش بكه‌ن، وتیشی جێگه‌ی خۆشحاڵییه كه زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی له ئاستێكی زۆرباشدایه له ڕیزبه‌ندی زانكۆكانی عێراق و ناوچه‌كه‌دا،
له درێژه‌ی ئیڤێنته‌كه‌دا (كوردۆ شاڵی – به‌ڕێوه‌به‌ری دامه‌زراندن له كۆمپانیای هواوی) له سیمینارێكدا تیشكی خسته‌سه‌ر پرۆگرامه‌كانی كۆمپانیاكه و چیرۆكی سه‌ركه‌وتنی ئه‌و خوێندكارانه‌ی له كۆمپانیاكه‌دا هه‌لی كاریان بۆ ڕه‌خساوه و دامه‌زراون، پاشان (د.زریان نه‌جات ڕه‌شید – مامۆستای زانکۆ) رۆڵ و ئامانجی ئه‌كادیمیای هواوی له زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی و هەروەها( مامۆستا ئه‌یوب كریم سیعد – به‌ڕێوه‌به‌ری سه‌نته‌ری CDC له زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی) رۆڵی سه‌نته‌ری په‌ره‌پێدانی كار له ئاماده‌كردنی خوێندكار بۆ بازاڕی كاریان پێشكه‌شكرد، دواتر به به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی كۆمپانیا به‌شداربووه‌كان له‌لایه‌ن ئاماده‌بووانه‌وە پڕكردنه‌وه‌ی سی ڤی له‌لایه‌ن خوێندكارانه‌وه كۆتایی به ئیڤێنته‌كه هات.


























