Back

هەلێکی زێڕین بۆ خوێندکارانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی بۆ بەشداریکردن لە پێنجەمین لوتکەی خوێندکارانی دەریای ناوەڕاست (MSS 2026) لە وڵاتی ئیتاڵیا

بەڕێوەبەرایەتیی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی هەلی بەشداریکردنی پێنج خوێندکاری زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی لە پێنجەمین لوتکەی خوێندکارانی دەریای ناوەڕاست (MSS 2026) لە وڵاتی ئیتاڵیا ڕادەگەیەنێت.

یەکێتیی زانکۆکانی دەریای ناوەڕاست  (UNIMED)، بە هاوکاری لەگەڵ “تۆڕی خوێندکارانی ئێرەسموس”(ESN)  و بە پشتگیری زانکۆی ئۆربینۆ (کارلۆ بۆ)، پێنجەمین خولی لوتکەی خوێندکارانی دەریای ناوەڕاست ڕادەگەیەنێت. ئەم چالاکییە نێودەوڵەتییە هەوڵێکە بۆ کۆکردنەوەی خوێندکارانی هەردوو کەناری دەریای ناوەڕاست بە مەبەستی برەودان بە گفتوگۆی نێوان کولتوورەکان و دۆزینەوەی چارەسەری هاوبەش بۆ ئاستەنگەکان.

زانیارییە سەرەکییەکان:

  • شوێن: زانکۆی ئۆربینۆ، ئیتاڵیا.
  • کات: ٢٢ تا ٢٤ی ئەیلوولی ٢٠٢٦.
  • تەوەری ئەمساڵ: ڕۆڵی ستراتیژیی خوێندکاران لە برەوپێدانی گفتووگۆی نێوان کلتورەکان لە بواری ئەکادیمی و کۆمەڵایەتیی زانکۆکانیاندا، هەروەها توانای دروستکردنی ژینگەی ئەکادیمی بە بەشداریی هەمەلایەنە.
  • ژمارەی بەشداربووان: نزیکەی ٣٠ تا ٣٥ خوێندکار لە زانکۆ ئەندامەکانی UNIMED هەڵدەبژێردرێن.

 

قۆناغەکانی بەرنامەکە:

ئەم لوتکەیە تەنها گەشتێکی ٣ ڕۆژە نییە، بەڵکو لە سێ قۆناغی سەرەکی پێکدێت کە بەشداربووان دەبێت پابەندی هەموویان بن:

١- پێش لوتکە: ئەنجامدانی سێ کۆبوونەوەی ڕاهێنانی ئۆنلاین لە مانگەکانی تەممووز و ئەیلوولی ٢٠٢٦ بۆ ئامادەکاری و ئاشنابوون بە ئامانجەکان.

٢- کاتی لوتکە: ٣ ڕۆژ کۆبوونەوەی ڕاستەوخۆ لە شاری ئۆربینۆ کە وۆرکشۆپ و چالاکی کولتووری لەخۆدەگرێت.

٣- دوای لوتکە: دوو کۆبوونەوەی ئۆنلاین بۆ داڕشتنی کۆتا ڕاسپاردەکان و هەڵسەنگاندنی ئەنجامەکان.

مەرج و ڕێنمایییەکانی پێشکەشکردن:

خوێندکارانی ئارەزوومەند دەبێت ئەم خاڵانەیان تێدا بێت:

  • پاشخان: خوێندکارانی پێشووی پرۆگرامی ئێرەسموس پڵەس (Erasmus+) یان ئەوانەی لە ڕێکخراوەکانی خوێندکاران و کۆمەڵگەی مەدەنی چالاکن.
  • زمان: زمانی فەرمیی لوتکەکە ئینگلیزییە؛ پێویستە خوێندکار ئاستێکی باشی هەبێت (بڕوانامەی ناوێت، بەڵام چاوپێکەوتنی ئۆنلاینی لەگەڵ ئەنجامدەدرێت بۆ هەڵسەنگاندنی توانای زمانی ئینگلیزی).
  • توانستی گفتوگۆکردنی زۆر باش بێت.
  • ڕێکاری پێشکەشکردن: خوێندکار ناتوانێت ڕاستەوخۆ داواکاری بنێرێت، بەڵکو دەبێت زانکۆکانیان کاندیدیان بکەن. هەر زانکۆیەک دەتوانێت ناوی ٢ تا ٥ خوێندکار بنێرێت.

بەڵگەنامە پێویستەکان:

  • CV
  • بەڵێننامەی پابەندبوون بە چالاکییەکان.
  • نووسینێکی کورتی تایبەت (Personal Reflection) لەسەر ڕۆڵی خوێندکار لە نێودەوڵەتیکردنی زانکۆکەی بە زمانی ئینگلیزی ، لە ٢ لاپەڕە زیاتر نەبێت، و نابێت بە زیرەکی دەستکرد ( AI) نووسرابێت.
  • پشتگیریی بەش یان کۆلێژ کە جەخت بکاتەوە لەوەی ناوبراو خوێندکارە.

 

کاتە گرنگەکان:

١-  پێویستە تا ڕێککەوتی (٢٩ی نیسانی ٢٠٢٦) سەرجەم پێداویستییەکان پێشکەش بە بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکان بکرێت لە ڕێگەی ئیمەیلی: Relations@spu.edu.iq

٢   – ڕاگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی: کۆتایی مانگی حوزەیران یان سەرەتای تەممووزی ٢٠٢٦.

زانیاریی زیاتر لەم لینکە بەردەستە: