Back

زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی لە ڕیزبەندی SCImago-2026 بە گشتی و بەپێی بابەتەکان لە عێراقدا سەرکەوتنێکی بەرچاوی بەدەست هێناوە

لە نوێترین ڕیزبەندی دامەزراوەی SCImago بۆ زانکۆکان، زانکۆی پۆلیتکنیکی سلێمانی ئەنجامێکی بەرچاوی بەدەستهێنا کە ئەمەش بە گشتی توانای زانستی زانکۆکە دەردەخات لە ناوخۆی عیراق و لەسەر ئاستی جیهان.
بەپێی دوایین لیستی SCImago بۆ ساڵی ٢٠٢٦، زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی پلەی باڵای لەسەر ئاستی هەرێم دەستەبەر کرد، کە پلەی یەکەمە لە نێوان زانکۆ حکومییەکانی هەرێمی کوردستان، وە پلەی دووەم بە گشتی لە هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی زانکۆ حکومی و تایبەتەکان. هەروەها زانکۆمان لە پلەی ١٢ یەمدایە لە نێوان ٧٦ زانکۆی عێراقی کە لە ڕیزبەندیەکەدا ناویان هاتووە.ئەم ئەنجامە ناوازەیە تیشک دەخاتە سەر گەشەسەندنی خێرای زانکۆ لە بواری توێژینەوە و داهێنان و کاریگەری ئەکادیمیدا لەسەر ئاستی زانکۆکانی عێراق.

ڕیزبەندی گشتی بۆ زانکۆکان بە پێی چەند پێوەرێکی جیاواز ئەنجام دەدرێت وەک لای خوارەوە ئاماژەیان پێ کراوە:
١. ئەدای توێژینەوە- (50%)
٢. بەرهەمی داهێنان (30%)
٣. کاریگەری کۆمەڵایەتی (20%)
وە بە پێی ئەم پێوەرانە و ئەو ئاستەی زانکۆ بە دەستی هێناوە، پابەندبوونی بەهێزی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی بە توێژینەوەی زانستی، داهێنانی تەکنەلۆژی و بەشداریکردنی کۆمەڵایەتی دەردەخات.
لەم ڕانکینەدا جگە لەو پێوەرانەی کە باسیان لێوە کرا، ئاستی زانکۆکان بە پێی بوارە جیاوازەکان (Subjects) تیشکی دەخرێتەسەر، وە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی لەسەر ئاستی عێراق لە چەند بوارێکی جیاواز لەم ریزبەندییەدا هاتووە، کە پێشکەوتنی زانکۆمان پیشان دەدات بۆ توێژینەوەی زانستی لەم بوارانەدا لەسەر ئاستی عیراق کە لای خوارەوە ئاماژەی پێ کراوە:

١.زانستی کۆمپیوتەر/ پلەی ٨
٢. بایۆکیمیستری و بۆماوەزانی و بایۆلۆجی گەردی/ پلەی ٩
٣.ئەندازیاری/ پلەی ١٢
٤. زانستە کشتوکاڵیەکان و بایۆلۆجی / پلەی ٣٠
٥. زانستی ژینگە/ پلەی ٣٧
٦. ووزە / پلەی ٤٥

جێی ئاماژەیە کە بەهێزترین دەستکەوتی زانکۆکە لە بابەتەکاندا (Subjects) لە زانستی کۆمپیوتەر بووە، کە پلەی هەشتەمی لە عێراق بەدەستهێناوە، کە ڕەنگدانەوەی بەرهەمهێنانی بەرزی توێژینەوە و بەشداری بەهێزی توێژەرانی زانکۆمانە لە بواری کۆمپیوتەر و بوارەکانی پەیوەست بە تەکنەلۆژیا.

ئەم ئەنجامانە جەخت لەسەر فراوانبوونی توانای توێژینەوەی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و بەرهەمهێنانی ئەکادیمی و بەشداریکردن لە گەشەپێدانی زانستی لە عێراقدا دەکەنەوە. بۆ ئەم مەبەستە، سەرۆکایەتی زانکۆ پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی گشت مامۆستایانی زانکۆ و فەرمانبەران و خوێندکارانی دەکات بە گشتی، وە ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم دەستکەوتە ڕەنگدانەوەی هەوڵدانە لەلایەن مامۆستایان و خوێندکاران و ستافی کارگێڕییەوە وە بەردەوامی و گرنگیدانە بە داهێنان و کوالیتی توێژینەوە و فراوان کردنی ئەدای ئەکادیمی لە لایەن زانکۆمان.